گۆڕان و یەکێتی هەڕەشەی هەڵدانەوەی دۆسیەی گەندەڵی لە یەکتری دەکەن

 گۆڕان و یەکێتی هەڕەشەی هەڵدانەوەی دۆسیەی گەندەڵی لە یەکتری دەکەن
بەهۆی گرژیی نێوان گۆڕان و یەکێتی، کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوولا بۆ کاتێکی نادیار دوادەکەوێت و هەڵسووڕاوێکی بزووتنەوەی گۆڕانیش پێی وایە، کێشەکان لای یەکێتییە.

بڕیار وابوو لە ئاستی باڵادا، بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببنەوە، بەڵام بەهۆی چاوپێکەوتنێکی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، کۆبوونەوەکە دوادەکەوێت، بە تایبەتیش بەهۆی ئەوەی مەلا بەختیار لە چاوپێکەوتنەکەیدا لە کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) ئاشکرای کردبوو: “بزووتنەوەی گۆڕان لە داهاتی پاڵاوگەی بازیان، %18 بۆ خۆی دەبات".



بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە سەرچاوەیەک لەنێو یەکێتییەوە ڕاگەیاندووە، لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا، چەند میدیایەکی نزیک لە یەکێتی، بەڵگە لەسەر داگیرکردنی زەوی لەشاری سلێمانی لە لایەن گۆڕان و بەرپرسانی گۆڕانەوە بخەنە ڕوو.



لەمبارەیەوە ئەحمەد قەدەفەری، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتی ڕاگەیاند: “شەڕی ڕاگەیاندنی نێوان گۆڕان و یەکێتی لەمە زیاتر پەرەبسێنێت، دەمان گەڕێنێتەوە بۆ ساڵی 2009، بۆیە دەبێت بزووتنەوەی گۆڕان ئاگاداری ئەم ڕێککەوتنە بێت کە لەگەڵ یەکێتیدا هەیەتی و لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە، پەیام بڵاو نەکاتەوە”. ڕوونیشی کردەوە: “کێشەی ئەم کوردستانە و ئەوەی یەکێتی و گۆڕانیشی هاتە سەر، وای لێهاتووە بڵێن خوا چاکی بکات، ئەگەرنا ناکرێت لە ماوەی دوو مانگدا ڕێککەوتن بکرێت، دواتر دوولایەنە بکەونە سەنگەری یەکتری".



بەشێک لە لایەنگرانی یەکێتی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی هەیە. لەمبارەیەشەوە قەدەفەری دەڵێت: "ئەگەر ئەم دوو حزبە خۆیان وابکەن ڕێککەوتنەکە هەڵوەشێتەوە، ئەگەرنا بۆ دەبێت لەم کاتەدا شەڕی ڕاگەیاندن بکرێت؟".

دوای قسەکانی مەلا بەختیار، لەناو خودی گۆڕاندا، گرفت دروست بووە، بەوەی چۆن داهاتی پاڵاوگەکانی نەوت لەلایەن گۆڕانەوە بردراوە؟ لە لایەن خۆیەوە حەسەن ساڵح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “گۆڕان شتی واناکات”.



لە بەرامبەردا ئازاد چالاک، هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامی شاندی باڵای ڕاگەیاندنی گۆڕان، ڕاگەیاند: “دەبێت بزووتنەوەی گۆڕان لە ئاستی جڤاتی نیشتمانی و گوتەبێژی گۆڕان وەڵامی قسەکانی مەلا بەختیار بدەنەوە کە ئەو پرسە چۆنە و کێ لە پشتیەوەیەتی؟ حزب یان بۆ تاکە کەس دەڕوات؟ چونکە دەبێت بۆ خەڵک ڕوون بکرێتەوە”. گوتی: "دوو جۆر ئاراستە و بیرکردنەوە و مامەڵە لەناو یەکێتیدا هەیە، ئەوەش وای کردووە کێشەکانی ناو یەکێتی قووڵ ببێتەوە و چارەسەر نەکرێن، پێم وایە دانیشتنی گۆڕان لەگەڵ ئەم باڵ و ئەو باڵ کێشەکان چارەسەر ناکات، چونکە پێشووتر گۆڕان هەوڵی دا ئەو کێشانەی ناو یەکێتی چارەسەر بکەن، بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام".



ئازاد چالاک جەختی لەوە کردەوە: “کاتی خۆی ڕاگەیاندنی یەکێتی و گۆڕان کۆبوونەوە بۆ دروستکردنی لێژنەی کاری ڕاگەیاندنی هاوبەش، بەڵام بەهۆی گرفتی ناو یەکێتی و بابەتی پارێزگاری سلێمانی، ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنی هەردوولا پشتڕاست نەکرایەوە و ئەو ڕێککەوتنە نەچووەتە بواری جێبەجێ کردووە”.








باسنیوز
Top