فەرمانی زیندانیكردن بۆ شەش په‌رله‌مانتار و هاوسەرۆكانی هه‌ده‌په دەرچوو
دوای دەستبەسەركردنیان، فەرمانی زیندانیكردن بۆ سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش و فیگه‌ن یوكسه‌كداغ، هاوسەرۆكانی پارتی دیموكراتی گەلان HDP و شەش په‌رله‌مانتاری ئەو پارتە دەرچوو.
پەرلەمانتارەكان بریتین لە (ئیدریس باڵوكەن، نورسه‌ل ئایدۆغان، له‌یلا بیرلیك، گوله‌ر یڵدرم، سه‌لما ئڕماك و فه‌رهاد ئه‌نجوو). بڕیارەكان لەلایەن دادوه‌رانی دادگا‌كانی ئاشتبوون دەركراون.
له‌كۆی 12 په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی هه‌ده‌په، 6 په‌رله‌مانتار به‌ندكراون و دووشیان ( سری سورەیا ئۆندەر، زیا پیر و ئیمام تاشچیئه‌ر) به مه‌رج ئازادكراون، تاوەكو ئێستاش چارەنووسی پەرلەمانتارێك یەكلایی نەكراوەتەوە.
سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش به 75 دۆسیه و فیگه‌ن یوكسه‌كداغ به 15 دۆسیه دادگه‌یی ده‌كرێن كه به‌تۆمه‌ته‌كانی "دروستکردنی رێکخراوی تیرۆریستی، ئەندامێتی لە رێکخراوی تیرۆریستی، سووکایەتیکردن بە کۆماری تورکیا، بانگەشەکردن بۆ تیرۆر، سووکایەتیکردن بە پەرلەمان، سووکایەتی بە بەڕێوبەرایەتی پۆلیس، دژایەتیکردنی یاسای خۆپیشاندان و گردبوونەوە، هەوڵدان بۆ تێکدانی یەکێتی دەوڵەت" تۆمه‌تباركراون.
هاوكات زیا پیر، په‌رله‌مانتاری ده‌ستبه‌سه‌ركراوی فراكسیۆنی هه‌ده‌په له بازنه‌ی ئامه‌د به فه‌رمانی دادوه‌ری دادگه‌ی ئاشتبوونی ئه‌م شاره به مه‌رج ئازادكرا.
دادگا‌ی ئاشتبوون له ئامه‌د، بڕیاری به‌مه‌رج ئازادكردنی بۆ زیا پیر دەركرد، بەڵام مافی گه‌شتكردنی بۆ ده‌ره‌وه‌ی توركیا لێ قه‌ده‌خه‌كرا و دەستیش بەسەر پاسپۆرته‌كەیدا گیرا.
زیا پیر به 4 دۆسیه و به "تۆمه‌ته‌كانی سووکایەتیکردن بە کۆماری تورکیا، بانگەشەکردن بۆ تیرۆر، سووکایەتیکردن و پەرلەمان، سووکایەتی بە بەڕێوبەرایەتی پۆلیس، دژایەتیکردنی یاسای خۆپیشاندان و گردبوونەوە" ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوو.
هەر له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی دادگه‌ییكردنی په‌رله‌مانتاره ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كانی فراكسیۆنی هه‌ده‌په‌دا، ئیمام تاشچیئه‌ر، په‌رله‌مانتاری ئه‌م فراكسیۆنه له بازنه‌ی ئامه‌د، به فه‌رمانی دادوه‌ری دادگه‌ی ئاشتبوون، بڕیاری به‌مه‌رج ئازادكردنی درا و مافی گه‌شتكردنی بۆ ده‌ره‌وه‌ی توركیا قه‌ده‌خه‌كرا و پاسه‌پۆرته‌كه‌شی ده‌ستبه‌سه‌ركرا.
ئیمام تاشچیئه‌ر به 6 دۆسیه و به‌تۆمه‌ته‌كانی "سووکایەتیکردن بە کۆماری تورکیا، بانگەشەکردن بۆ تیرۆر، سووکایەتیکردن و پەرلەمان، سووکایەتی بە بەڕێوبەرایەتی پۆلیس، دژایەتیکردنی یاسای خۆپیشاندان و گردبوونەوە " ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوو.
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "ئەو پەرلەمانتارانەی پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیراوە، جگه له په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په، سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنه‌كانی ئاكپارتی و جه‌هه‌په و مه‌هه‌په چوونه‌ته دادگا. سەرەڕای ئەوەی لەلایەن دادگاوە بانگهێشتکراون، بەڵام په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په بەدەم بانگهێشتەکەوە نەچوون، هەربۆیە بە بڕیاری داواکاری گشتیی دەستگیرکراون.
rUDAW-
