بۆ قیستی خوێندنی كچەكەی سواڵ دەكات
وایانزانیبوو ون بووە، تەنانەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشەوە ئاگادارییان بڵاوكردەوە، بەڵام دوور لە چاوەڕوانییەكانیان، لە بەندیخانەوە پەیوەندییان پێوە كرا كە بە تۆمەتی سواڵكردن دەستگیر كراوە. پۆلیس دەڵێت یەكەمجارە ئەو ژنە لەسەر سواڵكردن دەستگیر بكەن.
(ل.ح) كە ژنێكی تەمەن 47 ساڵە و دانیشتووی شاری هەولێرە، رۆژی 21/10/2016 ماڵی جێهێشت و دوای گەڕانێكی زۆری كەسوكاری، چوار رۆژ دواتر لە بەڕێوەبەرایەتی چاكسازیی ژنان و منداڵانەوە پەیوەندییان پێوە كرا كە بەتۆمەتی سواڵكردن لەلای ئەوان بەند كراوە.
دوای جێهێشتنی ماڵەكەی، سەرەتا دەنگۆی ونبوونی ئەو ژنە لە فەیسبووك بڵاوبووەوە، بەڵام لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر پێنج رۆژی دوای ونبوونی ژنەكە بە (رووداو)ی راگەیاند "ئەو ژنە ون نەبووە، بەڵكو دەستگیركراوە، ئێستاش سەرقاڵی لێكۆڵینەوەین تا بزانین هۆكاری دەستگیركردنەكەی چییە".
بەڵام سەرچاوەیەكی ئەمنیی ئاگادار بە (رووداو)ی گوت، هەمان ئەو رۆژەی ژنەكە ماڵی جێهێشتووە، لە كاتی نوێژی هەینی لە مزگەوتێك وەكو ئەو ژنانە دانیشتووە كە هەفتانە سواڵ دەكەن، لەبەردەم دەرگای مزگەوت بە تۆمەتی سواڵكردن دەستگیركراوە.
ئەو سەرچاوەیە گوتی "كاتێك قسەمان لەگەڵ كرد ناوی خۆی گوت، لەبەرئەوەی نزیكەی 60 ژنیش بوون، نەمانزانی بەمەبەست یان بەبێ مەبەست هاتووە بۆ سواڵكردن، بەڵام یەكەمجارە ئەو ژنە ببینین سواڵ بكات".
برازایەكی ژنەكە زانیاری سەرچاوەكەی (رووداو)ی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند لە بەندیخانەوە پەیوەندییان بە كچەكەیەوە كردووە و گوتوویانە دایكت لەسەر سواڵكردن دەستگیركراوە.
ئەو ژنە دوو كچی هەیە، یەكێكیان لە قۆناغی سێی زانكۆیە و ئەوەی دیكەشیان دەرچووی پەیمانگەیە و ئێستا لە شوێنێك كار دەكات. ژنەكەش بە گرێبەست لە پاركێك كاری كردووە.
ئەو برازایەی گوتی "مێردی پوورم نزیكەی دوو ساڵە ژنی دووەمی هێناوە و ئەو ژنەشی بەجیا داناوە، هەفتانە تەنیا 25 هەزار دینار دەداتە پوورم و كچەكانی". هەروەها گوتی "بەلامانەوە سەیر بوو پوورم لەسەر سواڵكردن گیرابوو، چونكە پێشتر هیچ كارێكی وای نەكردووە و تەنانەت ئامادەش نەبووە پارە لە كەسوكاری خۆشمان وەربگرێت".
كچێكی ئەو ژنە لە زانكۆیەكی ئەهلی دەخوێنێ، برازای ژنەكە گوتی كچەكەی داوای لە دایكی كردبوو، پارەی قیستی ئەمساڵی خوێندنی بۆ پەیدا بكات، بەڵام پێی پەیدا نەكرابوو، بۆیە ویستبووی خۆی بكوژێ.
برازاكەی گوتی: "پێموابێت كچەكەی دەبێت ساڵانە نزیكەی سێ ملیۆن دینار بدات، ئەویش نەیبووە، بەوەش زۆر خەمی لێ خواردووە و بە كچەكەی گوتووە زۆر بێزارم و رەنگە خۆم بكوژم". بە قسەی ئەو كەسە نزیكەی ژنەكە، مێردی پووریشی باری دارایی باش نییە و دوای ونبوونی پووری، ئەویش لەگەڵیاندا بەدواداچوونی بۆ دۆزینەوەی كردووە.
دیمەن محەممەد، بەڕێوەبەری چاكسازیی ژنان و منداڵانی هەولێر بە (رووداو)ی گوت، ئەو ژنە لە رۆژی ونبوونەكەیەوە لای ئەوان راگیراوە و گوتی "یەكەمجارە ئەو ژنە بەو تۆمەتە دەستگیربكرێت، هەر لای ئێمەشەوە پەیوەندی بە برایەكییەوە كرد و هات بۆ لای، بەڵام لەبەرئەوەی تازە هاتووە، دواتر لەلایەن توێژەرانمانەوە قسەی لەگەڵ دەكرێت تا بزانین هۆكاری سواڵكردنەكەی چی بووە".
rUDAW-
