سێ سەربازی ئەمریكی لە ئەردەن كوژران
بەرپرسێكی سەربازی ئەردەن رایگەیاند، سێ سەربازی ئەمریكی كە كاریان مەشق و راهێنانە لەدەرەوەی بنكەیەكی مەشقپێكردنی سوپای ئەو وڵاتە كوژراون. پێشتریش وا بڵاوكرایەوە كە تەنها سەربازێكی ئەمریكی كوژراوەو دوانی تر بەسەختی برینداربوون. وەك رۆیتەرز ئاماژەی پێكردووە.
ئەو بەرپرسە روونیكردەوە، رووداوەكە لەدەرەوەی بنكەی ئاسمانی شا فەیسەڵ لە باشوری ئەردەن روویداوە ،دوای ئەوەی ئەو ئۆتۆمبیلەی سەربازەكانی تێدابووە لە دەروازەی بنكە سەربازیەكەدا نەوەستاوە ، بەو هۆیەوە لەلایەن پاسەوانانی بنكەكەوە تەقەیان لێكراوە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوە سەربازیە، هەر لەو رووداوەدا پاسەوانێكی بنكە ئاسمانییەكەی ئەردەن برینداربووەو لەئێستاشدا لێكۆڵینەوە لەرووداواكە دەستیپێكردووە.
ئەردەن هاوپەیمانی ئەمریكا یە لەجەنگی دژی داعش، لەهەمان كاتدا گەورەترین كۆمەك و هاوكاری سەربازیی لەحكومەتی واشنتۆن وەردەگرێت . لەدوای دەستپێكردنی ململانێكان لەسوریا لە ساڵی 2011 دا, ئەمریكا سەدان مەشقپێكەری سەربازی لە ئەردەن جێگیركردووە ، هەروەك حكومەتی واشنتۆن ملیۆنان دۆلاری خەرجكردووە بۆ بەهێزكردنی سنورەكانی ئەردەن و رێگرتن لە دزەكردنی چەكدارەكانی داعش لەسوریاو عێراقە بۆ ناوخۆی ئەو وڵاتە .
Xandan-
