دادگای بەلجیکا: چالاکییەکانی پەکەکە تیرۆریستیی نین

دادگای بەلجیکا: چالاکییەکانی پەکەکە تیرۆریستیی نین


دادگای بەلجیکا بڕیاری دا لەبەرئەوەی چالاکییەکانی پەکەکە ''دەچنە چوارچێوەی بەرەنگاریی چەکدارییەوە، نابنە تاوانی ئەنجامدانی تیرۆر''، ئەمە لەکاتێکدایە پەکەکە لەلیستی تیرۆری یەکێتیی ئەورووپادایە.



دادگای برۆکسل بڕیاری لەسەر کەیسی دادگاییکردنی ٣٦ بەرپرس و ئەندامی باڵای پەکەکە لە ئەورووپا دا.



دادگاکە ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە درابوونە پاڵ ئەندام و بەرپرسانی پەکەکە کە بریتیی بوون لە ''بەشدارییکردن لەچالاکییە تیرۆریستییەکاندا'' و بڕیاری لەسەر ئەوەدا کە ئەو کارەی ئەنجامیانداوە ''چالاکی تیرۆریستیی'' نییە بە پشتبەستن بەوەی ''ناتوانرێت بەرەنگاریی چەکداریی لەچوارچێوەی تاوانی تیرۆردا لێکبدرێتەوە''. ھاوکات داواکاری گشتیی فیدراڵیی مافی تانەدانی لە بڕیارەکە ھەیە.



دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەساڵی ٢٠٠٦دا، لەتشرینی یەکەمی ٢٠١٥دا سکاڵا لەسەر ئەندامانی پەکەکە تۆمارکرابوو بە تۆمەتی ئەوەی ''لە بەلجیکا و وڵاتانی دیکەی خۆرئاوا لاوان و مناڵان لە خێزانەکانیان دادەبڕن و لەکەمپەکانی ئەو وڵاتە، یۆنان و عێراق مەشقیان پێدەکەن''. لەنێو تۆمەتەکاندا کە ئاراستەی گومانلێکراوەکان کرابوو ''درووستکردنی دۆکیومێنتی ساختە و سەرانە وەرگرتن''ش ھەبوون.
Payamner-
Top