ئێران: گرووپی پەرەدان بە پەیوەندیی ئێران و هەرێمی کوردستان پێکدێت
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی میهر، عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی، لە پەراوێزی سەفەرەکەی بۆ پارێزگای سنە لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دیدارەکەی لەگەڵ مەلابەختیار سەرۆکی دەستەی کارگێڕی مەکتەب سیاسی یەکێتی، گوتی: "سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە وڵاتی عێراق، یەکڕیزی، یەکگرتوویی و دەستێوەرنەدانی وڵاتانی بیانییە لە چارەنووسی ئەم وڵاتەدا."
لە درێژەدا گوتی: "پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ عێراق دۆستانە و برایانە بووە و هەرواش دەبێت و لە هەر بارودۆخێکیشدا هەر یارمەتییەک لە تواناماندا بووبێت ئێران درێغیی نەکردووە و ئەم سیاسەتەش پەیڕەو دەکەین."
وەزیری ناوخۆی ئێران بە ئاماژە بە دەرەنجامەکانی دیدار لەگەڵ مەلا بەختیار گوتی: "لەم کۆبوونەوەیەدا پەرەدان بە هاوکارییە سنوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر کراوە و نوێنەری یەکێتیش پێشوازی لێکردووە."
ڕاشیگەیاند: "لەو کۆبوونەوانەدا لەبارەی پێکهێنانی گرووپێکی هاوبەش لەپێناو تۆکمەکردنەوەی هاوکارییەکان بڕیار دراو کە بە زووترین کات دەست دەکات بە چالاکی."
ڕەحمانی فەزڵی زیادی ئاماژەی بەوەش کردووە: "لە کۆبوونەوە لەگەڵ مەلا بەختیار جەختمان لەسەر ئەوە بووە کە پەیوەندیی نێوان پارێزگا سنوورییەکان لەوانە پارێزگاکانی سنە، کرماشان و ورمێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاتر ببێتەوە."
جەختی لەوەش کردەوە کە هاتوچۆکان و پەرەدان بە هاوکاریی بازرگانی دەبێتە هۆی گەشەی ئاسایشی بەردەوام و لەم کۆبوونەوەیەدا دوو لایەن پێداگرییان لەسەر ئەم بابەتە گرینگە کرد.
باسنيوز
