وەزارەتەکانی خوێندنی باڵای ھەرێمی کوردستان و ئێراق بڕیاری پێکھێنانی لێژنەیەکی باڵا و حەوت لێژنەی پسپۆریان دا
بڕیاری پێکھێنانی ئەو لێژنە ھاوبەشەی نێوان وەزارەتەکانی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە ھەرێمی کوردستان و ئێراق ئەمڕۆ پێنچ شەممە ڕێکەوتیی(٣/١١/٢٠١٦) لە میانەی کۆبونەوەیەکی ھاوبەشی نێوان ھەردو وەزارەت بەسەرۆکایەتی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەھەرێمی کوردستان و، د.عەبدولرەزاق عەبدولجەلیل وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئێراقی ھات.
لەو چوارچێوەیەدا و، دوای ئەوەی وەفدی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئێراقی بەسەرۆکایەتی د.عەبدولرەزاق عەبدولجەلیل عیسا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئێراقی و، وەفدی ھاوڕێی لە دیوانی وەزارەت بەگەرمی لەلایەن د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرە گشتیەکانی دیوانی وەزارەت بەگەرمی پێشوازییان لێکرا کۆبونەوەیەکی گرنگیان ئەنجامدا.
لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران بەخێرھێنانی وەفدی میوانی کرد و، خۆشحاڵی بەو سەردانەیان بۆ ھەرێمی کوردستان دەربڕی و وتی: ئەمە یەکەم سەردانی رەسمی وەزیرێکی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئێراقییە بۆ کوردستان، ھیوام ئەوەیە ئەمە سەرەتاییەکی باش بێت لە پەیوەندییەکانی نێوانمان، ئەوەشی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ لەم کۆبونەوەیەدا ھەوڵ دەدەین لەسەر ھیڵە گشتی و ستراتیژییەکانی داھاتوی نێوانمان ڕێکەوین دیاریکردنی.
پاشادا د.عەبدولرەزاق عەبدولجەلیل وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی ئێراقی دوای ئەوەی سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی کرد وتی: شانازییە کە ئێمە ئەمڕۆ لێرەین، ھیوادارم ئەم سەردانەمان دەرگای خێر بەرەو ڕوی ھەردولامان بکاتەوە. پاشان کورتەیەکی میژویی لەسەر دۆخی خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان و ئێراق خستەڕو، وتیشی لە ڕابردودا رژێمی سەدامی لەناوچو بەبەرنامەیەکی ھاوبەش ھەوڵی ڕوخاندنی خوێندنی باڵای لە شارەکانی کوردستان و خواروی ئیراقی دەدا، بۆیە لەو چوارچێوەیەدا میژویەکی تاڵ و ھاوبەشمان ھەیە، بەڵام ئیستا دەبێ بەرنامەیەکی ھاوبەشمان ھەبێ بۆ داھاتوی خوێندنی باڵا لە ئێراق و ھەرێمی کوردستان، چونکە گەشەپێدانی وڵات و کۆمەڵگە لە خویندنی باڵاو پەروەردەوە دەست پێ دەکات، تا کەرتی خوێندنی باڵا پیش نەخەین سێکتەرەکانی دیکە لە ئێراق پیش ناکەون، ئەوەش بە بونیادنانی زانکۆی باش و سەربەخۆیکردنی زانکۆکان دەبێ تا بتوانن گەنجی بەتوانا بۆ کۆمەڵگەی ئێراقی دروست بکەین، لەھەمان کاتدا کاردەکەین بۆ ئەوەی زانکۆکان ڕۆڵیان ھەبێ لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ڕوبەڕوی ئێراق دەبێتەوە و سیاسیەکان پرس بەناوەندە ئەکادیمیەکان بکەن و پێشنیازو ڕاسپاردەکانی زانکۆکانیش بەھەند وەربگرن.
لەو چوارچێوەیەشدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئێراقی وتی: لەگەڵ دەستەبەکاربونمان لە وەزارەت دەستمان بەکۆمەڵێک پڕۆژە کردوە، دەستپێکی کارەکانیشمان چاوخشاندنەوە دەبێت بەیاساکانی خوێندنی باڵا لە ئێراق بەشێوەیەک دەمانەوێ لەگەڵ پێشکەوتنەکانی ڕۆژگار یەکانگیر بێتەوە بۆ ئەوەش لێژنەکمان پێکھێناوە، ھەروەک داواشیکرد وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە ھەرێمی کوردستان نوێنەریان دیاری بکەن بۆ ئەو ئەو لێژنەیە.
ھەر لە میانەی قسەکانیدا و سەبارەت بەکۆڕو کۆنفرانس و وۆرکشۆپانەی کە لە بواری خوێندنی باڵا بەڕێودەچن، د.عەبدولرەزاق عەبدولجەلیل وتی: لێرە بەدواوە مەرج بۆ ئەو ڕێکخەرانی ئەو وۆرکشۆپ و کۆڕە زانستیانە دادەنەن، بەشێوەیەک دەبێت لە (٥٠%) ڕاھێنەران ئێراقی بن، لەھەمان کاتدا کاردەکەن بۆ ئەوەی بەشی زۆری ئەو وۆرشۆپ و کۆڕو کۆنفرانسە زانستیانە بێننە شارەکانی کوردستان لە بری ئەوەی لە وڵاتانی دەرەوە بەڕێوەبچێت، چونکە ئەگەر لە کوردستان بێ ڕیژەیەکی زیاتری مامۆستایان و شارەزاییان دەتوانن بەشداری بکەن، لەھەمان کاتدا تێچوشی کەمتر دەبێت، لەھەمان کاتدا بارودۆخی ئەمنی ھەرێمی کوردستانیش بەرقەرارو ئارامە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو کۆڕو کۆنفرانس و وۆرشۆپانە.
لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران خۆشحاڵی بەو دیدگاو پڕۆژەو کارانەی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئێراق دەربڕی و وتی: لە ڕاستیدا ھەمو ئەوانەی خستەڕو کارو پڕۆژەی باشن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، وتیشی ئێمە ئامانج و گرفتی ھاوبەشمان ھەیە، چونکە لە بنەڕەتدا ژینگەی ھاوبەشمان ھەیە، بۆ پێکھێنانی لێژنەیەکی باڵای ھاوبەش باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دیاریکردنی ھێڵە گشتیەکانی کارکردنمان و داڕشتنی پلانی ستراتیژی بۆ داھاتو، وتیشی گرنگە ئەم لێژنەیە کۆبونەوەی وەرزی بکەن بۆ داڕشتنی ستراتیژی کاری ھاوبەش و چارەسەرکردنی کێشە ھاوبەش.
بۆ ئەوەش وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پێشوازی لەو پێشنیازە کردو پێکەوە بڕیاری پێکھێنانی لێژنەیەکی باڵا-ی ھاوبەشیاند بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کیشەکانی نێوانین.
لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دانپیانان بەزانکۆکانی یەکترو دۆخی دارایی مامۆستایان و پرۆگرامەکانی خوێندن و ئەنجامدانی توێژینەوەی ھاوبەش و سەرپەرشتیاری ھاوبەش و سودوەرگرتن لە تویژینەوەو تێزو نامەی ماستەر و دکتۆرای یەکتر و سودوەرگرتن لەو زەمالانەی پێشکەش بەئێراق دەکرێت بەوردی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
دوابەدوای کۆبونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەیدا، کە لە ھۆڵی سێنتەری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی زانکۆی سەڵاحەددین بەڕێوەچو، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە ئێستادا ئارەزوییەکی تەواو ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خوێندنی باڵا لە نێوان ھەردو وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە ھەرێمی کوردستان و ئێراق، بۆ ئەوەش وتی: دوای دەستبەکاربونی د.عەبدولرەزاق عەبدولجەلیل عیسا وەک وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئێراقی ھەوڵێکی تەواو ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لە میانەی کۆبونەوەکانماندا قسەمان لەسەر کێشەکانی نێوان ھەردوو وەزارەت کرد، وەک ھەنگاوی یەکەم-یش بڕیاری پێکھێنانی لێژنەیەکی باڵاماندا بەسەرۆکایەتی ھەردو وەزیر بۆ سەرپەرشتیکردنی لێژنە لاوەکیەکان بەتایبەت ئەو کێشانەی کە پەیوەندی بەدانپیانان بەزانکۆکانی یەکترو متمانەبەخشین و یاساکان و جیاوازی سیستمەکان ھەیە، لە ئێستاشدا کار بۆ دانانی یاسایەکی نوێ بۆ خوێندنی باڵا لە ئێراق دەکرێت و، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە ھەریمی کوردستان بەنوێنەرەکانی بەشدار دەبێت، ئەوەش سەرەتاییەکی باشە بۆ باشترکردنی پەپوەندییەکانمان کە لەم چەند ساڵی ڕابردو سیستی تێکەوتوە.
ھەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا د.عەبدولرەزاق عەبدولجەلیل عیسا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئێراقی وتی: بەخۆشحاڵیەوە ئەمڕۆ بەبانگھێشتنی وەزیری خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان لێرەین، ئامادەبونیشمان بۆ گفتوگۆکردنە بۆ ئەوەی بزانین چیبکەین بۆ خوێندنی باڵا لە ئێراق؟، بۆ ئەوەش وتی: ئێمە لە بەغداد پڕۆژەو دیدەمان ھەیە بۆ نمونە ئێستا لەھەوڵدان بۆ ئامادەکردنی یاسایەکی تایبەت بەخوێندنی باڵا، چونکە یاساو ڕێنماییەکان کۆنن، ھەربۆیە ئەمڕۆ لەگەڵ جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان گفتوگۆمان لەبارەی دەستەی سەربەخۆی خوێندنی باڵا تایبەت بەکوالێتی خوێندنی باڵا کرد، ھەروەک گفتوگۆمان لەبارەی خوێندنی تەکنیکی و ستراتیژی نوێی خوێندنی باڵا و پەروەردە کرد، ھیوادارم ئەو ستراتیژییە لەسەر ئەرز بەشێوەیەکی پراکتیکی جێبەجێ بکەین.
سەبارەت بەدانپیانانیش بە زانکۆ تایبەتەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئێراقیەوە، د.عەبدولرەزاق عەبدولجەلیل وتی: یاسای خوێندنی تایبەت لە ئێراقی تازە پەسند کراوە، لە ئێستادا لە قۆناغی ئامادەکردنی ڕێنماییەکانین، بدوای داڕشتنی ڕێنماییەکان و بەپێیی پێوەرەکان و گەڕانیشیمان بۆ زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان بڕیاریان لەبارەوە دەدەین.
ھەر لە پەراوێزی کۆبونەوەکاندا و، لەسەر ڕاسپاردەی وەزیرانی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە ھەرێمی کوردستان و ئێراق بڕیاری لێژنەیەکی باڵا بەسەرۆکایەتی د.یوسف گۆران وەزیری خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ھەرێمی کوردستان و، د.عبدوالرەزاق عەبدول جەلیل وەزیری خوێندنی باڵاو تویژینەوەی زانستی ئێراقی و ئەندامێتی ڕاویژکارانی و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی ھەردو وەزارەت درا، لەھەمانکاتدا بڕیاری پێکھێنانی (٧) لێژنەی پسپۆڕیش لەم بوارانەی خوارەوە درا:
Payamner-
