بایكۆت به ملیۆنان دۆلار زیان له ئابووریی سلێمانی ده‌دا
هه‌فته‌ی رابردوو، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی داوایه‌كی له فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایانی ناڕازیی سلێمانی كرد كه بڕۆنه‌وه ده‌وام و به‌پێی ئه‌و كه‌مه مووچه‌یه‌ی كه وه‌ری ده‌گرن چه‌ند رۆژێك ده‌وام بكه‌ن، به‌ڵام بایكۆتی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران له به‌شێكی زۆری داموده‌زگاكانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له سنووری ئه‌و پارێزگایه، تا ئێستا به‌رده‌وامیی هه‌یه و وه‌به‌رهێنه‌ران و ئابووریناسانیش هۆشداری ده‌ده‌ن له داڕووخانی ته‌واوی ئابووریی شاره‌كه.
مه‌لایاسین مه‌حمود، وته‌بێژی یه‌كێتیی وه‌به‌رهێنه‌ران رای گه‌یاند، له سلێمانی به‌هۆی نه‌بوونی داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت، ئابووری و بازاڕ و كاسبیكردنی خه‌ڵك به شێوه‌یه‌كی گشتی، به به‌راورد به شاره‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان خاوبوونه‌وه‌یه‌كی زۆری به‌خۆیه‌وه بینیوه، گوتیشی: "خراپترین شت له سلێمانی ئه‌وه‌یه كه دادگاكانیش په‌كیان كه‌وتووه و ناتوانن كاری خۆیان بكه‌ن، چونكه ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی كه په‌یوه‌ستن به دادگاكانه‌وه له‌كار كه‌وتوون، ئه‌وه‌ش وای كردووه كه ژماره‌یه‌كی زۆر له هاووڵاتییانی شاری سلێمانی كه كاری دادنووسیان ده‌بێت دێنه هه‌ولێر، ئاخر مه‌عقووڵه هاووڵاتییان بۆ وه‌كاله‌تێك روو بكه‌نه هه‌ولێر! یان ته‌نیا بۆ به‌ڵێننامه‌یه‌ك بێن! ته‌نیا ئێمه له ماوه‌ی ئه‌و مانگه‌دا وه‌كو كۆمپانیاكه‌ی خۆمان زیاتر له 40 كه‌سمان ناردووه بۆ هه‌ولێر بۆ هێنانی به‌ڵێننامه".
وته‌بێژی وه‌به‌رهێنه‌ران ئه‌وه‌شی خسته ڕوو، پێشتر خه‌ڵكی قه‌زا و ناحیه‌كانی سلێمانی بۆ كاروباری رسوومات و دامه‌زراوه‌كان ده‌هاتن بۆ سلێمانی، ئێستا جگه له‌وان، خه‌ڵكی سلێمانی خۆیشی بۆ ئه‌و كارانه ده‌ڕوات بۆ هه‌ولێر، ئه‌وه هه‌مووی زیانی ئابووریی له پارێزگای سلێمانی داوه، به شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ریی له‌سه‌ر نرخی خانووبه‌ره و هه‌موو كه‌رته ئابوورییه‌كان هه‌یه.
گوتیشی: "به‌هۆی ئه‌و بایكۆته‌ی كه هه‌یه له‌و پارێزگایه ملیۆنه‌ها دۆلار زیانی ئابووری به پارێزگای سلێمانی كه‌وتووه، ئێستا ژووره بازرگانییه‌كان و وه‌به‌رهێنه‌ران سه‌رقاڵی دیاریكردنی رێژه‌ی زیانه‌كه‌ن و له ماوه‌ی داهاتوودا به ئامارێك بڵاویان ده‌كه‌ینه‌وه".
وته‌بێژی یه‌كێتیی وه‌به‌رهێنه‌ران راشی گه‌یاند، كێشه‌ی پارێزگاری سلێمانی ته‌نیا بایكۆت و ده‌وام نییه و له غیابی پارێزگاریشدا زیانی زۆر به ئابووریی شاره‌كه كه‌وتووه و متمانه له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌ران و سه‌رمایه‌داران له‌و شاره‌دا نه‌ماوه، گوتی: "دوای بڕیاری ئه‌نجومه‌نی شوورا بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ، ئه‌وه‌نده‌ی دیكه سلێمانی كه‌وته ناو حاڵه‌تی ناته‌ندروسته‌وه، له‌كاتێكدا سه‌رۆكی یه‌كه‌ی ئیداری له كاردا نه‌بێت، ئیتر چۆن خه‌ڵك و سه‌رمایه‌داران و وه‌به‌رهێنه‌ران ناكه‌ونه دڵه‌ڕاوكێوه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، وا بڕیار بوو چه‌ندین پڕۆژه‌ی ستراتیژیی گرنگ له‌م مانگه‌دا بكرێنه‌وه، به‌ڵام به‌هۆی ترسه‌وه دوا خراون بۆ ساڵی نوێ، گوتی: "چۆن ده‌بێ شارێكی دوو ملیۆن كه‌سى پارێزگاری نه‌بێت، خۆ سه‌رده‌می محه‌مه‌دی مه‌هدی نییه، شارێكی وا گه‌وره بێ محافزه".
جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، ئێستا له سلێمانی زۆربه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان وه‌ستاون.
به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی ژووری بازرگانیی سلێمانی، قه‌یرانی دارایی له 90% پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنانی وه‌ستاندووه.
له كۆی 4170 پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان، 2000 پڕۆژه‌یان كه‌وتووه‌ته سنووری پارێزگای سلێمانی، به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی ژووری بازرگانیی سلێمانی، به‌هۆی قه‌یرانی دارایی، له 90% ئه‌و پڕۆژانه وه‌ستاون، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی بێكاربوونی له 80%ی كرێكارانی ئه‌و پڕۆژانه.
ئیدریس ره‌مه‌زان، ئابووریناس و مامۆستای زانكۆ رای گه‌یاند، ئه‌و دۆخه‌ی كه ئێستا له سلێمانی هه‌یه به قه‌باره‌ی ئه‌و وه‌به‌رهێنانه‌ی هه‌بووه زیانی له‌و پارێزگایه داوه، گوتی: "داموده‌زگا فه‌رمییه‌كانی حكوومه‌ت رۆڵی زۆریان له ئاسانكاریدا هه‌یه بۆ كه‌رتی تایبه‌ت و وه‌به‌رهێنان، په‌ككه‌وتنی دامه‌زراوه‌كان، په‌ككه‌وتنی ئابووری و كه‌رتی وه‌به‌رهێنانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌وه‌ش دواجار زیانی ئابووریی بۆ سه‌ر هه‌موو سێكته‌ره‌كان ده‌بێت".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، بایكۆت زه‌ره‌ر و زیانه‌كانی بۆ ئه‌و پارێزگایه گه‌یاندووه‌ته ئاستێكی مه‌ترسیدار، گوتی: "كاتێك گه‌شه‌ی ئابووری تا 2013 زۆر بوو له كوردستان، سلێمانی پشكێكی زۆر گه‌وره‌ی له وه‌به‌رهێنان به‌ركه‌وتبوو، قه‌یرانی ئابووری به‌شێك له پڕۆژه‌كانی په‌كخست و بایكۆتیش ئه‌وانی دیكه‌ى، به‌و پێوه‌ره بێت، زیانی ئابووریی ئه‌و پارێزگایه گه‌یشتووه‌ته ملیۆنان دۆلار، هه‌ر بۆیه‌ش زیانی ئه‌و پارێزگایه له‌م دۆخه‌ی هه‌یه زۆر زیاتره له هه‌ولێر و دهۆك، كه ته‌نیا كاریگه‌ریی قه‌یرانیان به‌سه‌ره‌وه‌یه".
باسنيوز
