هه‌رێمى كوردستان و بەغدا له‌ بوارى خوێندنى باڵادا هه‌ماهه‌نگى ده‌كه‌ن

 هه‌رێمى كوردستان و بەغدا له‌ بوارى خوێندنى باڵادا هه‌ماهه‌نگى ده‌كه‌ن
نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵای حکوومەتی عێراق کۆ بووەوە و لەبارەی پرسی هاوکاریی زانستیی نیوان هەرێمی کوردستان و بەغدا پێکەوە گفتوگۆیان کرد.

لە دیدارەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتە کە "هه‌ردوولا داكۆكییان له‌ گرنگیى گۆڕینى ئه‌و یاسا عیراقییانه‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌مى ڕژێمى پێشووى عیراقه‌وه‌ هێشتا كاریان پێده‌كرێت و له‌ زۆر بواردا بوونه‌ته‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتنى ئاستى خوێندنى باڵا له‌ عیراق."



دەقی ناوەرۆکی دیدارەکە:

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 3/11/2016 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ د. عه‌بدولڕه‌زاق ئه‌لعیسا، وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستیى عیراقى فیدارڵ كرد.

له‌ دیدارێكدا سه‌رۆك وه‌زیران پیرۆزباییى ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ به‌ڕێزیان كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌ركى تازه‌یدا بۆ خواست. هه‌روه‌ها پێزانینى خۆى بۆ سه‌ردانى بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و ئه‌م سه‌ردانه‌ى دواى كه‌متر له‌ سێ مانگ له‌ ده‌ستبه‌كاربوونى به‌ نیشانه‌ى خواستى بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان و عیراق ده‌ربڕى.

سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ داموده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى هه‌موو هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌كن له‌پێناو بره‌ودانى زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌ت له‌ هه‌رێم و عیراق و به‌ره‌وپێشبردنى ئاستى خوێندنى باڵا له‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌روه‌رده‌ و فێركردن و خوێندنى باڵایشى به‌ كلیلى گۆڕانكارى و پێشكه‌وتنى كۆمه‌ڵگه‌ و وڵات له‌ قه‌ڵه‌م دا.

هاوکات وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستیى عیراق، وێڕاى سوپاسكردنى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌كى باش له‌ نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌تدا له‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌نجومه‌نێكى هه‌ماهه‌نگى له‌ نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه كه‌ ده‌كرێ هه‌ردوو وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ش له‌ هه‌رێمى كوردستان و عیراق تیایدا ئه‌ندام بن‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ وه‌زیرى خویندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستیى هه‌رێمى كوردستان و بریكارى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستیى عیراق ئاماده‌ى بوون، هه‌ردوولا داكۆكییان له‌ گرنگیى گۆڕینى ئه‌و یاسا عیراقییانه‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌مى ڕژێمى پێشووى عیراقه‌وه‌ هێشتا كاریان پێده‌كرێت و له‌ زۆر بواردا بوونه‌ته‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتنى ئاستى خوێندنى باڵا له‌ عیراق، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر بایه‌خدانى زیاتر به‌ خوێندنى پیشه‌یى و به‌ره‌وپێشبردنى، وه‌ك پێوستییه‌كى گرنگى عیراق و هه‌رێمى كوردستان؛ كرده‌وه‌.













باسنیوز
Top