وەزارەتی ئەوقاف: کچ و ژنی چەکدارە کوردەکانی داعش بە زۆر بە چەکدارانی دیکە دراون

 وەزارەتی ئەوقاف: کچ و ژنی چەکدارە کوردەکانی داعش بە زۆر بە چەکدارانی دیکە دراون
بەرپرسێكی وەزارەتی ئەوقاف، لەبارەی چارەنووسی ژن و كچی ئەو خێزانە كوردانەی كە لە ناو داعش بوونە، لێکۆڵینەوە دەکات.

مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیان لە وەزارەتی ئەوقاف، ڕایگەیاند: "ئەو كچە كوردانەی كە بەهۆی دەستدرێژیی چەکدارانی داعش بوونەتە دایک، ئێستا ڕەنگە لە ناو كۆمەڵگە خراپ مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، ئەوەی لەگەڵ ئێمە پەیوەندیدار بێت، لە كۆنفرانسێكدا باسمان كردووە و دەبێت ڕێز لەو كەسانە بگیرێت، چونكە بە زۆر دراون بە چەكدارانی داعش كە بۆ كوردستانیش دەگەڕێنەوە، ناكرێت بە چاوێكی خراپ سەیریان بكرێت".

بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی وەزارەتی ئەوقاف، ئەوەشی خستە ڕوو: "دەبێت لە مینبەری مزگەوتەكانەوە بە خەڵك بگوترێت كە ئەوانە قوربانی دەستی داعش بوون، ناكرێت بەشێوەیەك مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت كە بكوژرێن یان بە چاوێكی خراپ تەماشایان بكرێت، چونكە بەداخەوە لە كۆمەڵگای ئێمە بەچاوێكی خراپ سەیریان دەكەن".

مەریوان نەقشبەندی ئەوەشی ڕوون كردەوە: "ئەو ژن و كچانەی كە مێردەكانیان داعش بووە، ئەگەر خۆیان بەشدار بووبن لە هاوكاریکردنی داعش و مێردەكانیان لە ئەنجامدانی تاواندا ڕۆڵی هەبووبێت، دەبێت بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ بكرێت”. باسیشی لەوە کرد کە ئەوانەی بە زۆر بە چەكدارەكانی داعش دراون، ئەوانە “قوربانین” و ئەوەی خێزانی داعش بێت، لە سەرەتاوە قوربانییە. دەشڵێت: “ئەگەر هاوكاری مێردەكەی نەبووبێت، دەبێت بیانگەڕێنینەوە ناو كۆمەڵگە".

بەڕێوەبەرەکەی وەزارەتی ئەوقاف، سەبارەت بەو چەکدارە کوردانەی کە بە ژن و منداڵەوە چوونەتە ناو داعش، ڕایگەیاند: “بەشێک لەوانە كچەكانیان زۆر منداڵ بوون، بەڵام بە زۆر دراون بە چەكدارەكانی داعش، بە بەڵگە لامانە، ئەو خێزانە كوردانەی ناو داعش، كچ و ژنەكانیان لە كەسانی بیانی چەند جارێك مارە كراونەتەوە، بۆیە، بەشێكیش لە كچەكان، ئێستا بەسەر چەكدارانی داعشدا دەگێڕدرێن و شەوانە كاری بەدڕەوشتیان بە ناوی جیهادی نیکاح لەگەڵدا دەكرێت".














باسنیوز
Top