ئەڵمانیا زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار بۆ هاتوچۆی مامۆستایانی دهۆک تەرخان دەکات
ئەمڕۆ (2016/11/3)، ئەحمەد زوبێر، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دهۆک، گوتی: "زیاتر لە 7 هەزار مامۆستا لە پەروەردەی دهۆک، لە سنووری قەزاکان، ناحیەکان، کۆمەڵگا و گوندەکانی سەر بە پارێزگای دهۆک، هاتوچۆ دەکەن و بەردەوامیان بە پرۆسەی خوێندن داوە".
بەرپرسەکەی پەروەردەی دهۆک گوتیشی: "خەرجکردنی پارەی هاتوچۆی مامۆستایانی سنووری پارێزگای دهۆک، بەپێی دووری و نزیکی شوێنەکانیان دەبێت، بۆنموونە، مامۆستایەکی دهۆک لە ئامێدی دەوام بکات و مامۆستایەکی دیکەش لە زاوێتە، ئەوا ئەو مامۆستایەی لە ئامێدی دەوام دەکات پارەی زیاتری هاتوچۆی بۆ خەرج دەکرێت، تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیەش لەلایەن حکوومەتی ئەڵمانیاوە، کێشەیەکی گەورەی بواری پەروەردە چارەسەر دەکات".
ئەحمەد زوبێر، ڕوونیشی کردەوە: "بە ئامادەبوونی پارێزگاری دهۆک و بەڕێوەبەری هەر 9 پەروەردەی دهۆک، ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێکخراوە ئەڵمانییەکە واژۆ کراو، لەو مانگەوە ڕێکخراوەکە پارەی هاتوچۆی مامۆستایانی سنووری پارێزگای دهۆک دەگرێتە ئەستۆ".
باسنیوز
