عومەر نورەدینی: پارتی مافی شەرعی خۆیەتی پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەبێت
عومەر نورەدینی، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەوڵەکانی کاژێر 8:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەت، وەک گۆڕان دەڵێت یەک پاکێجن رایگەیاند: "بەپێی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خوولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، مافێکی شەرعی و رەوای پارتی دیموکراتی کوردستانە کە پۆستی سەرۆکی حکومەت وەربگرێت".
عومەر نورەدینی، ئەم شەرعی بوونی مافە، بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە "لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردن بە بەراورد لەگەڵ لیستەکانی دیکە، ئەو لیستەیە کە زۆرترین دەنگی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانی بەدەستهێناوە، کەواتە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە ئەو شەرعیەتەی وەرگرتووە".
ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەکان، دەڵێت: "ئەو مافەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەت هەیەتی لەلایەکەوە شەرعیەتی لە هەڵبژاردن وەرگرتووە، لەلایەکی دیکەوە شەرعیەتی لەو عورفە قانوونی و دەستوورییە وەرگرتووە، کە لە هەرێمی کوردستان لە رابردوودا چەسپاوەو دووبارە بووەتەوە و جێگیر بووە".
نورەدینی، دەشڵێت: "بەپێی زانستی یاسایی بەتایبەتی یاسای دەستووری و سیستەمە سیاسییەکان، ئەو قوەتە قانوونییەی کە لە عورفی قانوونی و دەستووریدا هەیە، هیچی کەمتر نییە لەو قوەتە قانوونییەی، کە لە دەستوور و قانووندا هەیە".
نورەدینی، ئاماژە بەوە دەدات: "لە هەرێمی کوردستان هەمیشە دوای هەڵبژاردن مافی ئەو فراکسیۆنەیە کە زۆرترین کورسی هەیە، رادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەو مانایەی کە ئەویش پۆستی سەرۆکی حکومەت وەردەگرێت، بەڵام دوای ئەوە هەوڵی رێککەوتن دەدرێت".
ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەکان، ئاماژە بەوەش دەدات : "ئەو رێککەوتنە سیاسییەی کە کراوە، لە ئێستاش هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵکو لایەنێکی سیاسی، کە بزووتنەوەی گۆڕانە، پێشێلی رێککەوتنەکەی کردووە، پشتی لە تەوافوق و ئەو رێککەوتنە سیاسییە کردووە، بۆیە بەشێوەیەکی کاتی خراوەتە دەرەوەی رێککەوتنەکە".
لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی ئەو رێککەوتنە سیاسییەش، دووبارە سەرۆکی حکومەت هەر بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەدرێتەوە دەست پارتی، عومەر نورەدینی، پێیوایە: "بێگومان هیچ گومانی تێدانییە".
RUDAW -
