دیندار زێباری: ڕۆژنامەنووسە ژاپۆنییەکە بە فەرمانی دادوەر و بە تۆمەتی دانی زانیاری‌ بە داعش دەستبەسەر كراوە

   	 	 دیندار زێباری: ڕۆژنامەنووسە ژاپۆنییەکە بە فەرمانی دادوەر و بە تۆمەتی دانی زانیاری‌ بە داعش دەستبەسەر كراوە
د. دیندار زێباری سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ڕایگەیاند بەر لە چەند ڕۆژێك ڕۆژنامەنووسی ژاپۆنی (كۆسوكی سۆنیۆ كا) كە لە هەرێمی كوردستان بووە و ئێستا دەستبەسەر كراوە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی دژە تیرۆر لە شاری هەولێر بە تۆمەتی كە ناو براو پەیوەندیی بە داعشەوە هەبووە و هاتوچۆی شاری ڕەقەی كردووە لە سووریا. هەروەها چەندین جاریش لەلایەن حكوومەتی ژاپۆنەوە ناوبراو لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی یاسایەكی تایبەت بە دژە تیرۆر لەو وڵاتە و دەسەڵاتی یاسایی پەیوەندیداربەم بابەتە و نەبوونی بەڵگەی تەواو باوەڕ پێكراو چەندین جار دەستگیركراوە دواتر ئازاد كرداوە.



زێباری دەربارەی ئەم كەیسە زیاتر وتی: پاش ئەوەی (كۆسوكی سۆنیۆ كا) بە ڕێگای مەلایەك كە لە ژاپۆنە بۆتە بسڵمان و لە ڕێگای ئەم مەلایەوە قەناعەتی پێ هێنراوە كە بچێتە ڕەقە و كار لەگەڵ ئەمیرەكانی داعش بكات و تەرجەمەیان بۆ بكات پێشتریش ناوبراو پەیوەندیی بە چەكدارە چیچانی و ئەفغانییەکانەوە كردووە و سەردانی ئەو دوو دەوڵەتەیشی كردووە. هەروەها سەردانی سووریاشی كردووە، بەڵام كە گەڕاوەتەوە لە ژاپۆن ددانی بەوە نەناوە كە سەردانی ڕەقەی كردووە، بەڵام پاشان دەركەوتووە كە سەردانی ڕەقەی كردووە.



ئەوەشی خستە ڕوو كە دامودەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان بە فەرمانی دادوەر و بڕیاری دادگا و دادوەر ناوبراویان دەستگیر کردووە و ئێستاش لەژێر لێكۆڵینەوەدایە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ناوبراو چەند ئیعترافێكی كردووە كە سەردانی ڕەقە كردووە و هەروەها تەرجەمەی بۆ داعش كردووە، هەروەها ئیعترافیشی كردووە كە میدالیای داعشی وەرگرتووە و چووەتە چیچان و ئەفغانستان بەر لەوەی بچێتە ڕەقە .



هەروەها لە كاتی ڕووماڵكردنی پرێس كۆنفرانسێك لە بارەی پیشڕەوییەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی جەنگەوە ئامادە بووە لە میحوەری خازر و دوو كەسیشی لەگەڵ بووبێ ئەوەی مۆڵەت و ناسنامەی ڕێگاپێدراوی هەبێت و نوێنەری هیچ ئاژانسێك بێت، بەڵام گوایە وەك ڕۆژنامەنووسێكی فری لانس ئامادە بووە، لەكاتێكدا گومان لە چۆنیەتی ئامادەبوونی و بانگهێشت كردنی دەكرێ و ڕەزامەندی وەزارەتی ڕۆشنبیری حكوومەتی هەرێمی نییە بۆ ئامادەبوونی لەو پرێسكۆنفرانسانەدا.



لە كۆتاییدا دیندار زێباری سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ڕایگەیاند: حكوومەتی هەرێم لەلایەن خۆیەوە پەیوەندی كردووە بە باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە عێراق و ئاگاداری كراوەنەتەوە لەوە ی كە هاووڵاتییەكی ژاپۆنی بە گومانی تیرۆر دەستگیركراوە و ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ هەرجۆرە هاكارییەك لەگەڵ حكوومەتی ژاپۆن لەو ڕووەوە؛ شایەنی باسە (كۆسوكی سۆنیۆ كا) بە ڕەگەز ژاپۆنییە و ساڵی ٢٠٠٠ بووەتە موسڵمان و ناوی خۆی كردووەتە شامی
Kdp-
Top