هێمن هەورامى: قۆناغى فیدراڵى بەسەرچووە و گەڕانەوەمان بۆ بەغدا بۆ میکانیزمى دیکەیە لە ئایندەدا
هێمن هەورامى لە سەرەتاى سیمینارەکەیدا ئەو ڕەوتە سیاسییەى کە پارتى هەیەتى بۆ نێوخۆى هەرێمى کوردستان بۆ کادیرانى قوتابیانى خستەڕوو و ڕایگەیاند پارتى دیموکراتى کوردستان لە وەها ڕەوتێکى نیشتیمانى و نەتەوەییەوە هەڵقوڵاوە کە چەندین سەردەمانى سەختى بەڕێ کردووە، لە چەند ساڵى ڕابردووشدا بینیمان کە لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان چەندین گەلەکۆمەى نادیموکراسییان بەرامبەر پارتى کرد، بەڵام بینیمان کە بەرئەنجامەکانى چون کەوتەوە؛ هەورامى ئەمەشى گەڕاندەوە بۆ ئەو ستراتیژییەتە باشەی سەرۆک بارزانى و پارتى لە سیاسەتى هەرێمى کوردستاندا و ئەو پرسە نیشتمانى و نەتەوەییانەى کە بزووتنەوەى ڕزگارىخوازى کوردستانى لەسەر دامەزراوە.
لە بەشێکى دیکەى سیمینارەکەدا هەورامى تیشکى خستە سەر پەیوەندى هەولێر و بەغدا، کە ڕایگەیاند ئێستا هەرێمى کوردستان ئەزموونێکى باشى لەگەڵ بەغا هەیە و جارێکى دیکە ناگەڕێتەوە نێو چوارچێوەى فیدراڵیەت و ئەو سەردەمەمان تێپەڕاند، بۆیە ئیمە لە هەرێمى کوردستان کار لەسەر سێ پەڕەنسیپى مەنتیقى دەکەین بۆ گەیشتن بە ئایندەیەکى ڕوون و دەبێت خەڵکى کوردستان سەرمەشق بن لە بڕیارداندا. هەروەها سەبارەت بە ئۆپەڕاسیۆنى موسڵ هەورامى پێى وابوو ئەوەى کە لە پلانى پێشمەرگەدا هەبووە هەمووى جێبەجێ کراوە و ئەوەشى کە ماوەتەوە دەکەوێتە سەرشانى هێزە عێراقییەکان. ئەو ناوچانە کوردستانیانەى کە پێشمەرگە بە خوێن گرتونیەتەوە لێیان ناکشێتەوە و ئەو ناوچانەشى کە کوردستانى نین لەسەر ڕیفراندۆم و بڕیارى خەڵکى ناوچەکە وەستاوە بۆ چۆڵکردنى لەلایەن پێشمەرگەوە یاخود مانەوەی.
Kdp-
