نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەت لە پۆڵۆنیا قوتابیانی کوردی بانگهێشت کرد

   	 	 نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەت لە پۆڵۆنیا قوتابیانی کوردی بانگهێشت کرد
وەك نەریتێکی ساڵانە، نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا لە کۆبوونەوەیەکدا قوتابیانی کوردی تازەی لەو وڵاتە بانگهێشت کرد بە بۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن بە ئامانجی یەکتر ناسین و گۆڕینەوە و دروستکردنی پەیوەندی. لە بۆنەکەدا نزیکەی ٦٠ کەس ئامادە بوون. هەروەها زۆر کەسایەتی کوردی ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان ئامادە بوون، لە نێویاندا عەلی غەفوور کە ٥٤ ساڵە لەو وڵاتەدا دەژیێت و یەکێكە لە دەگمەنترین خەباتگێڕانی کورد لە پۆڵۆنیا و، هەروەها خاتوو ڕێزان یووسف سکرتێری یەکەم لە باڵوێزخانەی عێراق ئەوانیش هاتبوون.



سەرەتا نوێنەری حکوومەت بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و وتەیەکی سەبارەت بە بارودۆخی هەستیاری کوردستان و ناوچەکە پێشکەش کرد. زیاد ڕەئووف داوای لە قوتابیان کرد کە هەر یەکیان ببن بە باڵوێزی کورد لەو وڵاتە و بە جوانترین شێوە ڕووی کوردستان نیشان بدەن. وەبیری هێنانەوە کە ئەرکی سەرەکی قوتابیان بریتیە لە خوێندن و تەواوکردن بە سەرکەوتوویی. نوێنەری حکوومەت دووپاتی کردەوە کە نوسینگەی ئێمە بۆ هەموو کوردێك بێ جیاوازی کراوەتەوە و بەپێی توانا هاوکاری و یارمەتی هەموو کەسێك دەدەین لە کاتی پێویستیدا. دواتر عەلی غەفور کورتە باسێکی مێژووی چالاکی و تێکۆشانی کورد لە ساڵانی شەستەوە لە پۆڵۆنیا خستە ڕوو. ئاماژەی بەو زەحمەتی و ئاستەنگیانە کرد کە پێشتر ڕووبەڕوویان بۆتەوە و ئێستا لاوی کورد دەرفەتی زۆرتریان لەبەر دەستە بۆ گەشەدان بە خۆیان و تەواوکردنی خوێندن لە دەرەوە.



دوای ئەوەش قوتابیان و میوانەکان قسەی خۆیان کرد و هەریەکە بۆچوون و ڕەخنە و بیروڕای خۆی خستە ڕوو. میوانەکان سپاسیان کرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە و ڕایانگەیاند کە ئەوە دەرفەتێكی باشە بۆ دروست کردنی پەیوەندی و بەردەوام بوون.



لە کۆتاییدا نوێنەری حکوومەت بانگهێشتی قوتابیان و میوانەکانی کرد بۆ خوانێکی سادە و تەواوکردنی گفتوگۆکان.



شایانی باسە بۆنەکە لە کەشێکی دۆستانە و گەرموگوڕ بەڕێوە چوو. هەموو لایەك خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە دانیشتنی لەو جۆرە و هیوایان خواست بەردەوامی بدرێت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ قوتابیان، بۆ ئەوەی دابڕان دروست نەبێت لە نێوان نەوەی تازە و نەوەی کۆن.
Kdp-
Top