نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە كاوە مەحموود کرد

   	 	 نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە كاوە مەحموود کرد
بە بۆنەی هەڵبژاردنییەوە بە سكرتێری كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیووعیی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢-١١-٢٠١٦ لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ د. كاوە مەحموود، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی لێ كرد و هیوای سەركەوتنی لە كار و ئەركە نوێكەی بۆ خواست.



لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا سەرۆكوەزیران پیرۆزباییی سەركەوتنی شەشەمین كۆنگرەی حزبی شیووعیی كوردستان و هەڵبژاردنی كۆمیتەی ناوەندیی تازەی حزبەكەی لە كاوە مەحموود كرد و هیوای خواست حزبی شیووعیی كوردستان لە ئاست ئەرك و بەرپرسیاریەتیی دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستاندا بێت. ڕۆڵی حزبی شیووعیی كوردستانیشی لە تێكۆشانی گەلی كوردستاندا بەرز نرخاند و هیوای خواست ڕۆڵی خۆی لە ڕاپەڕاندنی ئەركە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستاندا، بگێڕێت.



لای خۆیەوە د. كاوە مەحموود سوپاسی نێچیرڤان بارزانی كرد بۆ ئەم پیرۆزبایی و بەسەركردنەوەیە و دووپاتی كردەوە كە حزبی شیووعیی كوردستان وەك هەمیشە لە ئەركە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی خۆی لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بۆ خزمەتی هاووڵاتیان و خەڵكی كوردستان، بەردەوام دەبێت.
kdp-
Top