"ئەوەندەی نەماوە پێشمەرگە لە مەخموور و دوبز بگەنەوە یەك"

بەرپرسی نووسینگەی ڕاگەیاندنی میحوەری مەخموور - گوێڕی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، باس لەوە دەكات كە پێشمەرگە دەستی بە لێدانی خەندەق كردووە و داعش پاشەكشەی كردووە.


قادر حەسەن، بەرپرسی ڕاگەیاندنی محیوەری مەخموور- گوێڕی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕایگەیاند: "ئاگادارین و زانیاریمان هەیە كە داڕووخانێكی زۆر لە سەرجەم محیوەرەكانەوە بە داعشەوە دیارە، زۆربەشیان بەرەو سەنتەری مووسڵ دەڕۆن".

بەرپرسی ڕاگەیاندنی محیوەری مەخموور- گوێڕ، ئەوەشی خستەڕوو: "دوا سنووری ئێمە لەگەڵ داعش ئێستا لە دەشتی باقرتە و بەرزاییەكانی ناحیەی سەرگەڕانە، كە هاوسنوورە لەگەڵ دوبز".

گوتیشی: "سنووری مەخموور -گوێڕ لە سەر سنووری دوبزە، بە جۆرێك لە گوندی ئەبوشیتە تا میحوەری پێنج كە هێزی پێشمەرگەی لێیە، كۆنتڕۆڵ كراوە، ئێستا نزیكە لەوەی یەك بگرینەوە، لە زۆر شوێنیش هێزی سوپای عێراق كەوتوەتە نێوان ئێمە و داعش، بۆیە ئەوەندە نەماوە لە سنووری مەخموور و دوبز یەك بگرێتەوە".












باسنیوز
Top