هەڵەبجە.. پارتی و سۆسیالیست بانگهێشتی كۆبوونەوەیەكی لایەنە سیاسییەكان ناكرێن
كۆساڵان ئەبووبەكر، سكرتێری مەكۆی پارێزگای هەڵەبجەی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: "لەسەر بانهێشتی تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان، بڕیارە سەعات 3 ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوراشەممە لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجە كۆ ببنەوە و ئامانجی كۆبوونەوەكەش قسەكردن دەبێ لەسەر درووستكردنی كۆمیتەیەكی لەلایەنە سیاسیەكانی هەڵەبجە بۆ دەربڕینی یەك هەڵوێست و بەرەنگاربوونەوەی هەر پیشهاتێك كە لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكە ڕوو بدات."
گوتیشی: "بەزاندنی خاكی هەرێمی كوردستان لەلایەن توركیاوە تەوەرەیەك دەبێت كە لە كۆبوونەوەكەدا باسی لێوە دەكرێت، هێندەش من بزانم هەموو لایەن سیاسییەكان بانگهێشت كراون و و ئێمەش نوێنەرمان ئامادە دەبێت."
بەڵام سۆران حەسەن، بەرپرسی مەڵبەندنی هەڵەبجەی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "وەك حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بانگهێشتی ئەو كۆبوونەوەیە نەكراوین و ئاگادار نین."
هاوكات سەید ئەحمەد، كارگێڕی لقی12 ی پارتی دیمكراتی كوردستان، گوتی: "وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بانگهێشتی ئەو كۆبوونەوەیە نەكراوین."
باسنیوز
