سەرکردەیەکی پارتی: گۆڕان نایەوێت دۆخی کوردستان باش بکرێت

 سەرکردەیەکی پارتی: گۆڕان نایەوێت دۆخی کوردستان باش بکرێت
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە بزووتنەوەی گۆڕان توانای خۆکۆنتڕۆڵکردنی نییە، بۆیە باشترە لە حکوومەت بکشێنەوە و دەڵێت: "تاسەر لەگەڵ یەکێتیش نابن".

ئەمڕۆ چوارشەممە 2\11\2016، عەلی تەتەر، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕایگەیاند: “کاتێک بزووتنەوەی گۆڕان دروست بوو بە نەهێجی ئۆپۆزسیۆنی دروست بوو، ناتوانێت بێتە حکوومەت، کە هاتە ناو حکوومەت نەیتوانی بە نەفەسێکی حکوومەتداری کاربکات، ئێستاش ئێمە نابینین گۆڕان نیەتی خێری تێدابێت بۆ ئەم دۆخەی کوردستان”.

جەختیشی لەوە کردەوە: “گۆڕان ناتوانێت و بەرگەی ئەوە ناگرێت و سروشتی ئەوانیش وایە کە حکوومەتداری نەکەن، ئێستاش ڕەنگە نەتوانن لەگەڵ حکوومەت هەڵبکەن، ڕاگەیاندن و کادیرانی خۆیان و فراکسیۆن و سەرۆکی پەرلەمان کۆنتڕۆڵ بکەن، باشترە ببنە ئۆپۆزسیۆن، لە کاتێکدا فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی لە کۆوبونەوەیەک گوتی، ناکرێت گۆڕان تا کاتژمێر 2 لە حکوومەت بێت و سەعات دوو بەرەو سەر، ببینە ئۆپۆزسیۆن، یان دەبێت لە حکوومەت یان ئۆپۆزسیۆن بن".

عەلی تەتەر لە لێدوانەکەیدا ئاماژەشی بەوە کرد، ڕێککەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی، جۆرێک لە سستی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە. دەشڵێت: “ڕەنگە خەڵکێک دڵی بەوە خۆش کردبێت کە ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی پاڵدەرێک بێت بۆ چارەسەری کێشەکان، بەڵام پێم وایە یەکێتی و گۆڕان ناتوانن بگەنە ڕێککەوتنی یەکلاکەرەوە، بەتایبەت کە گۆڕان لە ئەنجامی لێکترازانی یەکێتی دروستبووە، بۆیە گۆڕان لەگەڵ یەکێتی تا کۆتایی ناباتە سەر، بەتایبەت لە بارگژییەکانی ئەم دواییەی ڕاگەیاندنی هەردوولا”.













باسنیوز
Top