ئێران داوای لە یەکێتی کردووە لە ناوخۆیاندا ڕێک بکەون
بەپێی زانیارییەکان، کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای لە شاندەکەی یەکێتی کردووە، لەناو خۆیاندا ڕێک بکەون. لەمبارەیەوە فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: ”ڕاستە لەلایەن ئێرانەوە ھەوڵ ھەیە، بەڵام چاوەڕوانی ھاتنەوەی برادەرانی مەکتەبی سیاسی دەکەین بۆ کوردستان، تاوەکوو بزانین چی بووە؟“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”لێرەوە ڕای دەگەیەنین کە پێش چوونی شاندی یەکێتی بۆ ئێران، ھەوڵەکان بەردەوام بوون تا ئەندازەیەک بەرەوپێش چوونێک ھەبوو، بەڵام ئێرانییەکان مەبەستیانە کێشەکانی ناو یەکێتی چارەسەر ببێت، ئەمەشیان بە خۆمان گوتووە". گوتیشی: ”ھەندێک وردەکاری ماوە باسی ناکەین، بەڵام ھەوڵێکی سەرەتایی بۆ ڕێککەوتن هەیە“.
لەلایەن خۆشیەوە، لەتیف شێخ عومەر، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەندی یەکی یەکێتی لە سلێمانی، ڕایگەیاند: ”ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی یەکێتی بەردەوامە، ھیچ ڕێگرییەکیش لە نێوان ھەردوو باڵەکەدا نییە و کێشەکان بەرەو چارەسەر دەڕوات“. دەشڵێت: ”شاندێکمان چووەتە ئێران و کێشەکانی یەکێتی بەرەو چارەسەر بوون دەڕوات".
باسنیوز
