پارێزگاری نەینەوا سوپاسی بارزانی دەکات

پارێزگاری نەینەوا سوپاسی بارزانی دەکات
پارێزگاری نەینەوا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی پرسی ئاوارەکانەوە سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات.

رۆژی چوارشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2016، نەوفەل حەمادی، پارێزگاری نەینەوا و فەرهاد ئەتروشی، پارێزگاری دهۆک کۆبوونەوە و تاوتوێی پرسی ئاوارەکانی پارێزگای نەینەوایان کرد.

دوای کۆبوونەوەکە، نەوفەل حەمادی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە داوایان لە فەرهاد ئەتروشی و نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر کردووە دوای رزگارکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی مووسڵ، بە هەماهەنگیی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ئاوارەکانی نەینەوا بگەڕێننەوە ناوچەکانیان.

پارێزگاری نەینەوا هاوکات داوای لە هەردوو پارێزگاری هەولێر و دهۆک کرد، کە تاوەکو رزگارکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی تەواوەتیی ناوچە داگیرکراوەکانی پارێزگاکەی ئاوارەکانی نەینەوا نەنێرنەوە ناوچەکانیان.

نەوفەل حەمادی بۆ لەخۆگرتنی ئاوارەکانی شاری مووسڵ و دەوروبەری لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لە کوردستانی باشوور، سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستان و ”بەتایبەت “ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد.

پارێزگاری نەینەوا بە پێویستی زانی پۆلیسی عێراقی لە ناوچە رزگارکراوەکانی حەمدانییە، بەرتللە، تلکێف و ناوچە رزگارکراوەکانی دیکەی پارێزگاکە خۆی بۆ پێشوازیکردن لە ئاوارەکان ئامادە بکەن و ژیانیان بۆپارێزن.

بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنن, بەهۆی شەڕی تائیفیی و هێرشی رێکخراوی توندڕەوی داعش، زیاتر لە 1.5 ملیۆن هاووڵاتیی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بە تایبەت هاووڵاتییانی شاری مووسڵ و دەوروبەری، روویان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە کردووە.

لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.




باسنیوز
Top