شانەی راگەیاندنی جەنگی رزگارکردنەوەی 2 گوندی باشووری مووسڵ رادەگەیەنێت

شانەی راگەیاندنی جەنگی رزگارکردنەوەی 2 گوندی باشووری مووسڵ رادەگەیەنێت
شانەی راگەیاندنی جەنگیی عێراقی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رزگارکردنەوەی دوو گوندی باشووری مووسڵ رادەگەیەنێت.

بەپێی راگەیەندراوێکی شانەی راگەیاندنی جەنگی، سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2016 پۆلیسی ئیتیحادی گوندی (ئەلمنکار)ی باکووری شارەدێی شورەیان رزگارکردووەتەوە.

هەروەک شانەکە رایگەیاندووە، چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش بۆ راگرتنی پێشڕەویی هێزە عێراقیەکان، دوو ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراویان بۆ تەقاندنەوە لە ریزی هێزە عێراقییەکان ناردووە، بەڵام پۆلیسی ئیتیحادی هەردوو ئۆتۆمبێلەکەی تەقاندووەتەوە.

هاوکات هێزە عێراقییەکان لە رۆژهەڵاتی شاری مووسڵ لە پێشڕەویی بەردەوام دان و ناوچەی گۆگجەلی بە تەواوی رزگار کراوەتەوە، کە یەکەم گەڕەکی شاری مووسڵ لە رۆژهەڵاتەوە لە خۆ دەگرێت.

هەروەها لە میحوەری حەمام عەلیل لە باشووری مووسڵ، پۆلیسی ئیتیحادی گوندی قاهیرەیان لە دەوروبەری حەمام عەلیل رزگارکردەوە.


لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.



باسنیوز
Top