لە زیندانی ورمێ سێ بەندکراوی کورد لەسێدارە دران

لە زیندانی ورمێ سێ بەندکراوی کورد لەسێدارە دران
لە دوو هەفتەدا 10 بەندکراوی کورد لەسێدارە دراون"
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دیموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان (مافنیوز) شەوی ڕابردوو لە زیندانی (دەریا)ی شاری ورمێ سێ بەندکراوی کورد لەسێدارە دران.

بەپێی هەمان سەرچاوە ئەو سێ بەندکراوە کوردە ناو و ناسنامەیان بردیتی بووە لە "دەروێش مونەزەمی و شوعەیب و فەرهاد" کە شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە برابوونە ژووری تاکەکەسی، شەوی ڕابردوو لە زیندانی دەریای ورمێ لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەسێدارە دراون.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە هەر سێ بەندکراوەکە بە تۆمەتی مادە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون و لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوایین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاریان ئەنجام داوە.

مافنیوز بە پشتبەستن بە سەرچاوە خپجێیەکان بڵاوی کردووەتەوە "ئەو بڕە مادە هۆشبەرەی کەلە ماڵی "دەروێش مونەزەمی" گیراوە، هی کەسێکی دیکە بووە.

دەروێش مونەزەمی تەمەن 60 ساڵان و دانیشتووی گوندی "گۆلگەنی"ی سەر بە ناوچەی "سۆمای برادۆست"ی ورمێ بووە و ماوەی 7 ساڵ لە زیندان بووە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ بەندکراوی دیکەی کورد بەناەکانی "سامی مامەدی، بەختیار مامەدی و شۆڕش فارۆقی" لە زیندانی ناوەندیی "سەلماس" لەلایەن دەزگای دادوەریی ئیرانەوە لەسێدارە دران و هەشت کەسی دیکەش کە بڕیارە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەسیدارە بدرێن، براونەتە ژووری تاکەکسی.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران تەنیا لە ماوەی 15 رۆژی ڕابردوودا 10 بەندکراوی کورد لە گرتووخانەکانی ورمێ، سەڵماس و ئیلام لەسێدارە دراون.




باسنیوز
Top