گوتەبێژی هەدەپە: قەدەری وڵاتێک نابێت بخرێتە دەستی یەک کەسەوە
ململانێی سیاسی لەتورکیا قووڵتر دەبێتەوە و پارتی داد و گەشەپێدان سوورە لەسەر گۆڕینی دەستوور و سیستەمی حکومڕانی وڵات لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی، ئەوانەی دژی ئەم پڕۆژەیەن دەڵێن، بەمشێوەیە تورکیا بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە و دیموکراسی دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە.
هەدەپە کە ئێستا لەژێر فشاردایە و حکومەتی تورکیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە کورد و بوونی کورد قبووڵ ناکات و وەک هاوبەش تەماشایان ناکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی زیاتر لە 20 کەناڵی میدیایی کوردی لەتورکیا داخران و پۆستی 29 سەرۆک شارەوانی هەدەپە و دەبەپە پڕکرانەوە، هاوکات 12 سەرۆک شارەوانی دەستگیرکراون.
ئەیهان بیلگەن، پەرلەمانتار و گوتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان HDP، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو لەمبارەیەوە، رایگەیاند: " دوای ئەوەی دەوڵەتی عوسمانی، کە بوو بە کۆماری تورکیا لەو کاتەوە پرسی کورد و بابەتی بە دیموکراسی بوون و مەدەنی بوون، کە یەکێکە لە پرسە هەرە سەرەتاییەکان چارەسەر نەکراوە، ئەگەر ئەو پرسانە چارەسەر نەکرێت ئەوا دوای ماوەیەکی دیکە ئەم پرسانە مەیدانی شەڕ دەهێنێتە ئاراوە".
سەبارەت بە گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی لە تورکیا بۆ سەرۆکایەتی، ئەیهان بیلگەن، پێیوایە،"ئەگەر تەواوی دەسەڵاتەکان لە دەستی کەسێکدا کۆبکرێتەوە، ئەوا ئەو وڵاتە رووبەڕووی مەترسی گەورە دەبێتەوە، رەنگە ئەو کەسە خاوەنی هێزێکی گەورە بێت و توانای بەڕێوەبردنی هەبێت، بەڵام قەدەری وڵاتێک نابێت بخرێتە دەستی یەک کەسەوە، پێویستە سیستەم وڵات بەڕێوە ببات".
ئەیهان بیلگەن، پەرلەمانتار و گوتەبێژی HDP گوتی: "ئەگەر بیانەوێت لە رێگەی سیاسیییە بارودۆخەکان لە ناوچەکانی باکووری کوردستان چارەسەر بکەن، دەبێت رێگە لەبەردەم وەلانانی چەکەکان خۆش بکەن، ئەگەر چارەسەری سیاسی نەبێت ناتوانرێت بەر بە شەڕ و تووندو تیژی بگیرێت، بەمەش هیچ چانسێک چارەسەر ناهڵدرێتەوە جیا لە شەڕ نەبێت".
Rudaw-
