هێزی پێشمەرگە لە دوو هەفتەدا 26 گوندی كۆنترۆڵكردووەتەوە
فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان ئامارەكانی دوو هەفتەی رابردووی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵی بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد، پێشمەرگە توانیویەتی لەو ماوەیەدا 26 گوند كۆنترۆڵبكاتەوە و 800 بۆمبی چێندراو لە میحوەرەكانی شەڕ و رێگا سەرەكییەكان پووچەڵ بكەنەوە.
لە راگەیێندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، لە رۆژی 30/10/2016 هێزەكانی پێشمەرگە شەش گوندیان لە باكووری رۆژهەڵاتی مووسڵ كۆنترۆڵكردووە بە ناوەكانی، فازڵییە، كێڤرۆك، خراب بێت، قەبرئیسحاق، كانی شیرین و خادیر.
بەپێی راگەیێندراوەكە لەساتی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ رۆژی 17/10/2016، هێزەكانی پێشمەرگە لە باكوور و رۆهەڵاتی مووسڵ رووبەری زیاتر لە 500 كیلۆمەتر چوارگۆشەیان كۆنترۆڵكردووەتەوە، كە خۆی لە 26 گوند دەبینێتەوە.
فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان راشیگەیاندووە، هێزەكانی پێشمەرگە توانیویانە بەشێكی زۆری هێڵی پەیوەندییكردنی تیرۆریستانی داعش بۆ نێو مووسڵ كۆنترۆڵ بكەن، كە خۆی لە رێگا سەرەكییەكان لە باشیك، بەتنیا، فلێل و ناوەران دەبینێتەوە، ئەمەیش بەمەبەستی گەمارۆدانی دوایین مۆڵگەی گەورەی داعش و كەمكردنەوەی جووڵە و ناردنی پاڵپشتی سەربازی بۆ هێزەكانیان.
سەبارەت بە پووچەڵكردنەوەی بۆمبە چێندراوەكانی داعش، لە راگەیێندراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە كە تا ئێستا بەلایەنی كەم 800 بۆمبی چێندراو لە میحوەرەكانی شەڕ و رێگا سەرەكییەكان پووچەڵكراونەتەوە.
لەبارەی ئاوارەبوونی خەڵك، فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكردووە، لەوەتەی ئۆپەراسیۆنەكان دەستیپێكردووە نزیكەی 7 هەزار كەسی سڤیل بەرەو هەرێمی كوردستان ئاوارەبوون.
لە دوو هەفتەی رابردوودا هێزەكانی پێشمەرگە بە پاڵپشتی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان توانیویانە گورزێكی تووند لە چەكدارانی داعش بدەن، بە پێی راگەیێندراوەكەی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانیش دەیان تیرۆریست و بەلاینی كەم 50 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو تێكبشكێنن، هەروەها فڕۆكەكانی هاوپەیمانان تا ئێستا نزیكەی 550 هێرشی ئاسمانییان ئەنجامداوە.
موقەدەم جادر محەمەد، فەرماندەی پێشمەرگە لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕ بۆ "هەولێر" گوتی: ئەو ناوچانەی پێشمەرگە ئازادی كردوون وەك سنووری هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە و پێشمەرگە بەربەستی بەرگریی و خەندەق لێدەدات.
ئەوەشی گوت: هەردوو قۆڵەكە بازنەی گەمارۆی باشیكیان تەواوكرد و گەیشتنەوە یەكدی، بەمەیش هێزی پێشمەرگە تەنیا 5 كیلۆمەتر لە مووسڵەوە دوورە".
Hawler-
