لە ماوەی دوو ھەفتەدا نۆ ھەزار کەس لە ناوچەکانی دەوروبەری موسڵ ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونە
لە ماوەی دوو ھەفتەی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ نۆ ھەزار کەس لە ناوچەکانی دەوروبەری موسڵ، بۆ ھەرێمی کوردستان ئاوارە بوون.
"ھۆشەنگ محەمەد" بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری ھاوبەشی قەیرانەکان لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند لە وەتەی کە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ لە رۆژی ١٧ تشرینی یەکەم دەستیپێکردووە، نۆ ھەزار کەس لە ناوچەکانی دەوروبەری موسڵ بەتایبەتی لە قەزا و ناحیە و گوندەکانی باکوور، رۆژھەڵات و باشووری موسڵ بۆ ھەرێمی کوردستان ئاوارە بوونە.
گوتیشی ٨٠% ئاوارەکانی ئەم دوو ھەفتەیە بۆ پارێزگای ھەولێر ئاوارە بوونە و لە کەمپەکانی دیبەگە و حەسەن شام نیشتەجێکراون و ٢٠% دیکەشی لە کەمپی زەلیکان لە دھۆک نیشتەجێکراون.
لە بارەی چۆنییەتی ھاتنی ئەو ئاوارانە بۆ سەنگەرەکانی ھێزەکانی پێشمەرگە و گواستنەوەیان بۆ کەمپی ئاوارەکان، ھۆشەنگ محەمەد رایگەیاند خەڵکی ناوچەکانی شەڕ لە میانەی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ھێزەکانی پێشمەرگە و عێراقی بە ھەر شێوەیەک بێت خۆیان دەگەینە سەنگەرەکانی پێشمەرگە و لە پشت سەنگەرەکانەوە بە ھاوکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی ئۆتۆمبێلی پاس ئامادە کراوە بۆ گواستنەوەیان بۆ ناو ئەو کەمپانە کە بۆیان دیاری کراوە.
گلەیی ئەوەشی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات کە وەک پێویست بە ھانای ئاوارەکان یان ھەوڵەکانی حکومەتی ھەرێم بۆ ئەم پرسە نایەت، گوتیشی لە سەرەتای گەیشتنی ئاوارەکان خواردنی وشک و ئاو بۆیان دابین دەکرێت، تا ئەوکاتەی بە ھاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان پێداویستییەکانی تری ژیان لەناو کەمپ بۆیان دابین دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری ھاوبەشی قەیرانەکان گوتی تەنیا لە شەوی رۆژی دووشەممەی رابردوو دوو ھەزار ئاوارە گەیشتنە سەنگەرەکانی ھێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری ناوەران و لەوە دەترسن بە یەکجار ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان بھێن، بۆ ئەوەش ئاماژە بە ئەگەری ھاتنی لە ناکاوی ٢٦٠ ھەزار کەس پێکەوە دەکات، بەڵام بەھۆی کەمبوونی توانانی و نەبوونئیمکاناتی پێویست ناتوانن بەھانایانەوە بچن کە ھەموویان دەیانەوێت لە رێگەی سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگە بھێنە ھەرێمی کوردستان تا بچنە شوێنەکانی دیکەی عێراق.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ھۆشەنگ محەمەد ئەوەشی گوتی ئەگەر بەپێی ئەو پلانەی بۆ پێشوازیکردن لە ئاوارەکان دانراوە، بتوانن مامەڵە لەگەڵ پرسی ئاوارەکانی نوێی موسڵ و دەوروبەری بکەن دەتوانن ٣٣ ھەزار خێزان یان ٢١٥ ھەزار ئاوارە وەربگرن کە پێشتر پلانی دروستکردنی پێنج کەمپ لە ھەولێر، پینج کەمپ لە دھۆک و کەمپێک لە سلێمانی بۆ ئەم مەبەستە دانراوە.
بەڵام لەوە دەترسن و پێشبینی دەکەن لانیکەم لە سەرەوەی نیو ملیۆن کەس لە میانەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ، بەتایبەتی ئەوکاتەی شەڕەکە دەگاتە ناو شاری موسڵ ھانای خۆیان بۆ ھەرێمی کوردستان بھێنن.
ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ رۆژی دووشەممە ١٧ تشرینی یەکەم بە بەشداری ھێزەکانی پێشمەرگە و عێراقی و پشتگیری ھەوایی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستیپێکرد و لەماوەی دوو ھەفتەدا زۆربەی ھەر زۆری ئەو ناوچانەی لە باکوور، رۆژھەڵات و باشووری موسڵ بۆیان دیاری کرابوو، رزگارکراون و لە ھەندێ شوێنیش گەیشتنە دەروازەکانی شاری موسڵ بەتایبەتی لەبەری چەپی روباری دیجلە.
Payamner-
