له سلێمانى هاووڵاتییه‌ك پێنج ڕۆژه مانى له خواردن گرتووه
به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوێكى ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤ، هاووڵاتییه‌كى دانیشتوى گه‌ڕه‌كى هوانه‌ى شارى سلێمانى، ماوه‌ى پێنج ڕۆژه مانى له خواردن گرتووه و ئاماده نییه مانگرتنه‌كه‌ى بشكێنێت به بیانووى ئه‌وه‌ى كێشه‌یه‌كى له دادگایه و سه‌ره‌ڕاى گرتن و ئازادكردنى دۆسیه‌كه‌ى دانه‌خراوه.
به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه كه ئه‌مڕۆ 1ى تشرینى دووه‌مى 2016 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و وێنه‌یه‌كى ده‌ست ئاژانسی هه‌واڵى (باس‌نیوز) كه‌وتووه " هاووڵاتیه‌كى دانیشتووى گه‌ڕه‌كى هوانه‌ى شارى سلێمانى به‌ناوى (ع. م. ئا) كه به ته‌نها ده‌ژى، ماوه‌ى پێنج ڕۆژه مانى له خواردن گرتووه و له پاش هه‌وڵدانێكى زۆرى تیمى نوسینگه‌ى سلێمانى مافى مرۆڤ، هێشتا ئاماده نییه مانگرتنه‌كه‌ى بشكێنێت".
به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه :"به‌گوته‌ى هاووڵاتیه‌كه به‌هۆى كێشه و گرفت له‌گه‌ڵ كه‌سوكاره‌كه‌یدا بۆماوه‌ى 10 ڕۆژ ده‌ستگیركراوه و دواتر به فه‌رمانى دادوه‌رى ئاسایش ئازادكراوه، به‌ڵام دۆسیه‌كه‌ى دانه‌خراوه و هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه مان له خواردن بگرێت".
له ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌ش دراوه، كه هاووڵاتیه‌كه بارى ته‌ندروستى زۆر خراپه و چه‌ند پشكنینێكى پزیشكى بۆ كراوه، بۆیه پێویسته مانگرتن له خواردن بشكێنێت.
Bas News-
