بازاڕێکی کوردەواری لە سلێمانی دەكرێتەوە

بازاڕێکی کوردەواری لە سلێمانی دەكرێتەوە


بەمەبەستی گرنگیدان بە بەرھەمی ناوخۆیی و ئاشناکردنەوەی خواردنە کوردەوارییەکان بەنەوەی نوێ، بەڕێوەبەرایەتیی ڕێنمایی کشتوکاڵی سلێمانی، ھەفتەبازاڕێکی کوردەواری کردەوە و بڕیاریشە بازاڕێکی تایبەت بەخواردەمەنیە کوردەوارییەکان بکرێتەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەبەرایەتی ڕێنمایی کشتوکاڵی سلێمانی، لە پارکی ئازادی ھەفتەبازاڕێکی کوردەواری بۆ ژمارەیەک جوتیار کردەوە، لەو ھەفتە بازاڕەدا چەندین خواردنی کوردەواری دانرابوون بەتایبەتی خواردنەکانی وەک ( دۆینە، ترخێنە، کولەکەی تەنوری، چەڵتوک، نیسک، ساوەر، قەرەخەرمان، پەڕشە).


ئالان تۆفیق بەڕێوەبەری ڕێنمایی کشتوکاڵی سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ (باسنیوز) گوتی "ئامانج لە کردنەوەی ئەم جۆرە بازاڕانە ئاشناکردنەوەی خەڵکە بە خواردنە کوردەوارییەکان، ھەروەھا گەیاندنی پەیامێکە بۆ ئەوەی بەخەڵکی بڵێین دەتوانن لە بازاڕێکی کوردەواری لەم شێوەیەدا ھەموو بەرھەمە کشتوکاڵییە ناوخۆییەکانی خۆمان بەتەندروستییەکی باش و تامێکی خۆشەوە بکڕن".


ئاماژەی بەوەش کرد "بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان خواردنێکی خۆماڵی تەندروست بەکاربھێنن ئەگەر شوێنێکی گونجاومان دەست بکەوێت، ھەوڵی ئەوە دەدەین بازاڕێکی کوردەوەری لەم شێوەیە بکەینەوە".
Bas News-
Top