"وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان پێشوازى له تیمه‌كانى چاودێریى دارایى ناكات"
د. محه‌مه‌د رێكانی، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی مافی گشتی له سه‌رۆكایه‌تیی داواكاری گشتی تایبه‌ت رایگه‌یاند، نووسراوێكیان ئاڕاسته‌ی وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاریی دیوانی چاودێریی دارایی بكه‌ن، گوتی: "له‌و نووسراوه‌دا داوامان له وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان كردووه به وردی هه‌ندێك زانیاریمان له‌سه‌ر گرێبسهت و داهاتی نه‌وت پێ بده‌ن، هه‌روه‌ها داوامان لێ كردوون رێگه به دیوانی چاودێریی دارایی بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی وردبینی بكه‌ن“.
رێكانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان وه‌ڵامی نووسراوه‌كه‌یان داوه‌ته‌وه و پێیان راگه‌یاندوون، كه هه‌موو شتێكیان بۆ دیوانی چاودێریی دارایی ناردووه، گوتیشی: "له‌به‌رامبه‌ردا دیوانی چاودێریی دارایی نووسراوی بۆ ئێمه و ئه‌وان كردووه و ئه‌وه‌ی خستووه‌ته ڕوو كه نه‌خێر هیچیان بۆ نه‌ناردوون و وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان رێگرییان لێ كردوون“.
ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی داواكاری گشتی ئاشكرای كرد، له‌م چه‌ند رۆژه‌دا دووباره ئه‌وان نووسراوێكی تریان بۆ وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان كردووه: "داوامان لێ كردوون كه ده‌بێت وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان داواكارییه‌كانی ئێمه و دیوانی چاودێری جێبه‌جێ بكات، بۆ شه‌فافیه‌تی زیاتری كه‌رتی نه‌وت".
به‌پێی نووسراوێكی دیوانی چاودێریی دارایی، دیوانه‌كه ده‌یه‌وێت له شێوه‌ی به‌راوردكردنی پاره‌ی فرۆشراوی ناوخۆ و ده‌ره‌كی له داهاتی نه‌وت دڵنیا بێت، ئه‌ویش له رێگه‌ی هه‌بوونی تۆماره‌كانی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان.
محه‌مه‌د رێكانی، ئه‌و نووسراو و هه‌وڵانه‌ی گه‌ڕانده‌وه بۆ ئه‌و هه‌موو قسه و زانیارییانه‌ی میدیاكان له‌سه‌ر نه‌وت ده‌یخه‌نه ڕوو.
روونی كرده‌وه، به دیاریكراوی داوا ده‌كه‌ن به‌پێی یاسای دیوانی چاودێریی دارایی، دیوانی چاودێری هه‌ڵسێت به وردبینكردنی به‌ڵگه‌نامه‌كان: "له‌و یاسایه‌دا هاتووه كه نابێت هیچ كه‌س و داموده‌زگایه‌كی حكوومی رێگری بكات له تیمه‌كانی دیوانی چاودێریی دارایی بۆ وردبینیكردنی ژمێریاری و دۆسیه‌كان، تیمه‌كانی چاودێریی دارایی چوونه، به‌ڵام ئاشتی هه‌ورامی ئاماده نه‌بووه پێشوازییان لێ بكات، چه‌ند جار له پرسگه رایانگرتوون".
له ماوه‌ی ڕابردوودا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (دیلۆت) كردووه بۆ وردبینی كردنی داهاتی نه‌وت. ئه‌و ئه‌ندامه‌ی داواكاری گشتی جه‌خت ده‌كاته‌وه، ئه‌و گرێبه‌سته جێگای ئه‌وه ناگرێته‌وه كه تیمه‌كانی چاودێریی دارایی وردبینی داهاتی نه‌وت نه‌كات، گوتیشی: "ئه‌و كۆمپانیایه كه‌رتی تایبه‌ته و نابێت جێگه‌ی دیوانی چاودێریی دارایی بگرێته‌وه، دیوانی چاودێری بۆی هه‌یه چاودێریی دارایی و كارگێڕیی سامانه سروشتییه‌كانیش بكا".
له مادده (12)ی یاسای دیوانی چاودێری، ژماره(2)ی ساڵی (2008)، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به دیوانه‌كه دراوه كه‌وا داموده‌زگاكان ده‌بێت وێنه‌یه‌ك له هه‌موو گرێبه‌سته‌كان و مۆڵه‌تی وه‌به‌رهێنانی واژۆكراو بۆ دیوانی چاودێری بنێرێن، به مه‌به‌ستی هه‌ڵسه‌نگاندنیان.
خالید هادی چاوشڵی، سه‌رۆكی دیوانی چاودێریی دارایی ته‌نیا ئه‌وه‌ی رایگه‌یاند، ده‌بێت وه‌ك هه‌موو وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كانی تر تیمه‌كانی ئه‌وان سه‌ردانی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانیش بكات و كارئاسانییان بۆ بكرێت.
بیلال سه‌عید، رۆژنامه‌نووس له بواری وزه‌دا رایگه‌یاند، نزیك به 10 ساڵه زۆرترین قسه له‌سه‌ر ناشه‌فافیی ئه‌و وه‌زاره‌ته ده‌كرێت، په‌رله‌مان و هاووڵاتییان و ته‌نانه‌ت به‌شێك له هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان زۆرترین قسه‌یان له‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كه هه‌یه، دیوانی چاودێری یه‌ك لاپه‌ڕه‌ی چۆنیه‌تیی داهاتی ئه‌و 10 ساڵه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی وردبینی نه‌كردووه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، گه‌وره‌ترین به‌رپرسیاریه‌تی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی دیوانی چاودێریی دارایی، پێویسته به‌دواداچوون بكه‌ن، ناكرێت كه‌رتی نه‌وت و غاز به‌بێ فیلته‌ری دیوانی چاودێریدا تێپه‌ڕ بێت".
باسنيوز
