1958/10/30 ڕۆژێكی شكۆدار له مێژووی شاری هەڵمەت و قوربانیدا
دوای چه‌ند رۆژێك، بارزانی ده‌ستی كرد به سه‌ردانی شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان، یه‌كه‌مین وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی شاری كه‌ركووك بوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌و گیروگرفت و كۆسپانه‌ی (نازم ته‌به‌قچلی)ی قائید فیرقه‌ی دوو بۆی دانابوون، به‌ڵام جه‌ماوه‌ری كه‌ركووك به گه‌وره و بچووكه‌وه چوونه پێشوازیی بارزانی. له (دارالڤباگ)، بارزانی وتارێكی گرنگی پێشكه‌ش به گه‌له‌كه‌ی كرد و داوای یه‌كێتیی ریزه‌كانی لێ كردن. پاشان له 22/10/1958، دانی ئێواره گه‌یشته شاری هه‌ولێر و سه‌ردانی یانه‌ی ئه‌فسه‌ران ده‌كات، هه‌ر له‌وێدا سه‌ردانی مه‌زاری ئه‌فسه‌ری شه‌هید (خێروڵا عه‌بدولكه‌ریم)ی كردووه. دواتریش بارزانی له ڕۆژی 30/10/1958 سه‌ردانی شاری سلێمانی ده‌كات.
سه‌ردانی سه‌ركرده مسته‌فا بارزانی بۆ شاری سلێمانی، ڕۆژێكی شكۆداره له مێژووی ئه‌و شاره قاره‌مانه‌دا. له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی بۆ ئه‌و شاره، جه‌ماوه‌رێكی زۆر چوون بۆ ده‌ره‌وه‌ی شار بۆ پێشوازیی لێكردنی. دوای گه‌یشتنی بارزانی، له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینی هه‌ست و خۆشیی جه‌ماوه‌ردا، ئینجا به‌ڕێ كه‌وت بۆ گه‌ڕه‌كی كانێسكان و له‌وێوه چووه ماڵی شێخ له‌تیفی شێخ مه‌حموود، له خۆشه‌ویستییاندا بۆ بارزانی خه‌ڵكێكی زۆری سلێمانی و ده‌وروبه‌ر سه‌ردانی ده‌كه‌ن و وێنه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌گرن. دواتریش بارزانی به یاوه‌ریی ئه‌فسه‌ری ناسراوی شاری سلێمانی (نووری مه‌لا مارف) سه‌ردانی حامییه‌ی سلێمانی و ئه‌فسه‌ره كورده‌كان ده‌كات. ئه‌م سه‌ردانه‌ی بارزانی ده‌بێته مانشێت و هه‌واڵی سه‌ره‌كیی رۆژنامه‌ی ژین و بڵاوكراوه‌كانی ئه‌وسای سلێمانی.
له سێیه‌م وێستگه‌شدا سه‌ردانی مه‌زاری كاكه ئه‌حمه‌دی شێخ و شێخ مه‌حموودی نه‌مری كرد، له‌ناو مزگه‌وتی گه‌وره‌ی سلێمانیدا. له‌وێشدا وتارێك له‌سه‌ر گۆڕی شێخ مه‌حموود پێشكه‌ش ده‌كات. پاشان وه‌ك وه‌فا و رێز بۆ قاره‌مانانی شه‌هید (محه‌مه‌د قودسی و مسته‌فا خۆشناو) به‌ره‌و گۆڕستانی گردی سه‌یوان به‌ڕێ ده‌كه‌وێت و تاجه‌گوڵینه له‌سه‌ر گۆڕه‌كانیان داده‌نێ.
پاشان به‌ره‌و سه‌نته‌ری شار (به‌رده‌ركی سه‌را) به‌ڕێ ده‌كه‌وێت و سه‌ردانی بینای پارێزگاری ئه‌و سه‌رده‌مه (موته‌سه‌ریفیه‌ت) ده‌كات و له لایه‌ن موته‌سه‌ریفی سلێمانی (پارێزگار)، هادی ره‌شید چاوشلییهوه پێشوازییه‌كی گه‌رمی لێ كرا. هه‌ر له سه‌رای سلێمانی و له باڵه‌خانه‌ی نووری عه‌لی، له نهۆمی دووه‌مدا و له‌نێو ئاپۆرای جه‌ماوه‌ردا وتارێكی پێشكه‌ش به جه‌ماوه‌ر كرد، كه كامه‌ران موكریی شاعیر پێشكه‌شكاری ئه‌و رێوره‌سمه بوو و قسه‌ی ده‌كرد و ناوه ناوه كۆپله شیعرێكی حه‌ماسی به دهنگهخۆش و زۆڵاڵ و به‌رزه‌كه‌ی ده‌خوێنده‌وه و ئه‌وه‌نده‌ی تر جۆش و خرۆشی ده‌به‌خشییه جه‌ماوه‌ره‌كه. هه‌روه‌ها كاكه‌ی فه‌لاحی شاعیریش هۆنراوه نایابه‌كه‌ی خۆی ده‌خوێنێته‌وه، كه ده‌ڵێت:
ئه‌ی گلێنه‌ی چاوه‌كانم، ئه‌ی هه‌ڵۆی كوێستانی كورد
چقڵی چاوی دوژمنانی، خاكی كوردستانی كورد
قاره‌مانی نه‌وجه‌وانی، شۆڕشی بارزانی كورد
ئه‌ی جگه‌رسۆزی نه‌به‌رد و قۆچه‌كه‌ی قوربانی كورد
موژده بێ زنجیر و كۆتی كۆیله‌یی ئه‌م میلله‌ته
وا له‌ژێر چه‌كوشی خه‌باتا، ورد و خاش و لهتلهته
***
ئه‌ی زه‌عیمی شۆڕشی كورد، ئه‌ی زه‌عیمی قاره‌مان
نووكی نێزه‌ی جه‌رگی دوژمن، ساڵه‌های ئاواره‌مان
ئه‌ی له رێی به‌یداخی خۆشیی جهژنهكهی ئه‌مجاره‌مان
موژده بێ ناحه‌ز خه‌ڵاته، بۆ په‌تی سێداره‌مان
ئه‌و كه‌سه‌ی ناپاكی گیانی نیشتمان و میلله‌ته
دیاره شایانی قه‌ناره و گولله‌باران و په‌ته
***
تۆش له رێی مافی گه‌لی خۆت، شۆڕشی بارزانهكهت
به‌ڵگه‌یه بۆ راپه‌ڕینت، شاخی كوردستانهكهت
خوێنی كوردیش ئاگره، بۆ مه‌شخه‌ڵی ههستانهكهت
شوێنی شانازیی وڵاته، لاپه‌ڕه‌ی داستانهكهت
سینگهكهی خۆت كرده قه‌ڵغانی سه‌ری ئه‌م میلله‌ته
چه‌نده تینوو بوو به خوێنی تۆ، دزو جه‌رده و چه‌ته
***
تۆش له رێی ئازادیا بوو، شۆڕشی خۆت نایه‌وه
بوویته پێشمه‌رگه‌ی وڵاتت، به‌و هه‌موو خولیایه‌وه
چه‌ند كه‌ڕه‌ت جهرگوههناوی، دوژمنت به‌ردایه‌وه
هێزی تاریكی به زه‌بری هێرشت ئهشكایهوه
جه‌وهه‌ری تۆ، رۆژ و شه‌و، وێردی زمانی میلله‌ته
لاپه‌ڕه‌ی مێژووی ژیانت، پڕ خه‌بات و هه‌ڵمه‌ته
***
تۆش له رێی ئه‌م خاكه‌دا بوو، خاكی پیرۆزی وڵات
گیانی شیرینت له‌سه‌ر، ئه‌و ده‌سته دانا بۆ خه‌ڵات
هه‌ر كه رۆژی شوومی پڕ مه‌ینه‌ت له ئاسۆی كورد هه‌ڵات
خۆت گه‌یانده ئه‌و دڵه‌ی، وا لێ ئه‌داتن رۆژ هه‌ڵات
ئه‌و دڵه‌ی پشت و په‌ناگه‌ی رۆڵه‌كانی میلله‌ته
بۆ ژیانی سه‌ربه‌خۆیی گه‌ل، به تاسه و عه‌زره‌ته
***
ئێسته‌كه‌ش ورد و درشتی نیشتمانی خۆشه‌ویست
چه‌پكه گوڵیان ساز ئه‌كه‌ن، بۆ قاره‌مانی خۆشه‌ویست
هه‌ر له جه‌ژنا بێ، ژیانی پاڵه‌وانی خۆشه‌ویست
بۆ قه‌ڵای ئازادی زۆر بێ، پاسه‌وانی خۆشه‌ویست
ئه‌و كه‌سه‌ی دڵسۆزی خاكی نیشتمان و میلله‌ته
ئه‌ی هه‌ڵۆ بۆ تۆ، دڵ و چاوی په‌رۆشی رێگهته
***
چه‌ندین شاعیری دیكه‌ی ناودار له‌نێو ئاپۆرای جه‌ماوه‌ر بۆ خۆشه‌ویستیی بارزانی و شۆڕش و كوردستان و شه‌هیدان، هۆنراوه و دروشمه به‌رزه‌كانیان ده‌خوێنده‌وه.
چه‌ندین تێكۆشه‌ر و كه‌سایه‌تیی گه‌وره و ناسراو و پیاوماقوڵانی شار ئاماده‌ییان هه‌بوو، هه‌ر له شێخ له‌تیف شێخ مه‌حموودی نه‌مر و نووری ئه‌حمه‌د ته‌ها و شیخ محه‌مه‌دی خاڵ قازیی سلێمانی و شاكر فه‌تاح و عه‌بدولڕه‌حمانی نفووس و (گۆران)ی شاعیر و ره‌مزیی مه‌لامارف و حاجی محه‌مه‌دی كۆڵه‌ك و هونه‌رمه‌ند ره‌شۆڵ و بێكه‌س و سه‌دان كه‌سایه‌تیی ناسراو و رۆشنبیر و پیاوماقووڵی دیكه.
پاش ته‌واوكردنی وتاره‌كه‌ی و كۆتایی مه‌راسیمه‌كه، دواتریش شاره‌وانیی سلێمانی له یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران، مه‌راسیمێكی بۆ رێك ده‌خه‌ن و له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه ناسراوه‌كان و رۆشنبیران و ئه‌دیبان و شاعیرانی شار كۆۆدهبێتهوه. هه‌ر له‌وێدا چه‌ند شاعیرێك هۆنراوه ده‌خوێننه‌وه، یه‌ك له‌وانه‌ی كه له وێنه‌كه‌دا دیاره (عه‌بدولڕه‌حمان به‌گی بابان) له خۆشه‌ویستیی بۆ بارزانی هۆنراوه‌یه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات، كه به‌و ته‌مه‌نه ههڵكشاوهیهوه ناتوانێ خۆی به‌پێوه بگرێت و ره‌مزیی مه‌لا مارف ده‌ستی به پشتییه‌وه گرتووه، هۆنراوهكهیش به‌م جۆره‌یه:
پێشه‌وای میلله‌تی كورد و هۆ خودانی بارزان سێ عه‌دوی گه‌وره به جه‌یشی پڕ چه‌كی ئاته‌ش فشان ده‌وریان دای، رۆژی مه‌حشه‌ر كه‌وته سه‌ر سه‌فحه‌ی جیهان گرمه گرمی تۆپ و ته‌یاره گه‌یشته ئاسمان ***
تۆ به چنگی هێزه‌وه كه‌وتیته هه‌ڵمه‌ت وه‌ك هه‌ڵۆ له‌شكری سێ خه‌سمی گه‌وره‌ت خسته شین و باوكه‌ڕۆ تۆ ئه‌مه‌ت لا به‌زمی شاهی بوو به خه‌نده و پێكه‌نین داتنه به‌ر شیلك و ده‌سڕێژی ئاگر چین به چین وه‌ك پڵنگ تێكت شكاندن خه‌تی ماجینۆت پێ ده‌دین هه‌ڵمه‌تت برد وه‌ك برووسك خۆت و هێزت ده‌رپه‌ڕین ***
ده‌رسی تازه‌ت دا به رومێل به‌م فڕینه بیكره‌وه رۆحی ئیستعمار و غهربت خسته بیر و فیكره‌وه وێنه‌یی به‌رق و برووسكه راپه‌ڕین و هه‌ڵمه‌تت ده‌وری ماد و كهیقوبادت خسته‌وه بیر میلله‌تت مه‌شقی سه‌ر له‌وحه‌ی دڵی كورده پلان و سهرخهتت جێگه‌یی فه‌خر و هیوای هه‌ر تۆیه قه‌ومی لهتلهتت تۆ له‌ناو تۆفانی خوێن و ئاگرا چوویته ده‌رێ شه‌رق و غهربت تێگه‌یان ئه‌م میلله‌ته قه‌ت نامرێ زۆر گرنگ و زه‌حمه‌ته ته‌سویری ئه‌م به‌رنامه‌یه ره‌زمی ره‌زم ئارات نموونه‌ی ڕۆسته‌م و شانامه‌یه رۆحی فیرده‌وسی ئه‌وێ بۆ نه‌زمی ئه‌م هه‌نگامه‌یه تا بزانن قاره‌مانی عه‌سری بیسته‌م كامه‌یه باوه‌شی كردۆته‌وه بۆ خۆت و هێزت نیشتمان جانفیدای وه‌ك تۆی هه‌یه ئیتر ئه‌مینه بۆ ژیان گیانی تازه‌ت خسته‌وه ناو جیسمی قه‌ومی كورده‌وه هه‌ر بژیت به‌م سیاسه‌ته به‌رز و بڵند و ورده‌وه پێشه‌وا تۆش هه‌ر بژیت و به‌خێر هاتیته‌وه موژده‌ی ئازادی ئه‌مڕۆ وا به تۆزی پێته‌وه ***
سه‌باره‌ت به هاتنی مه‌لا مسته‌فا بارزانی بۆ شاری سلێمانی مامۆستا مه‌حموود ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی كتێبخانه‌ی ئه‌وقافی مه‌ركه‌زی له سلێمانی، له ساڵی 1993دا، به پشتبه‌ستن به ڕۆژنامه‌ی (ژین) و بیره‌وه‌رییه‌كانی خوالێخۆشبوو مامۆستا (محه‌مه‌د مسته‌فا كوردی) و چه‌ند كه‌سانێكی دیكه، ده‌نووسێت: "یه‌كێك له‌و ڕووداوه گرنگانه‌ی شاری سلێمانی به‌خۆیه‌وه دیوه و ئێستاش له بیره‌وه‌ریی زۆر كه‌سدا نه‌خشی گرتووه و كاریگه‌ره، دیده‌نی كردنی پێشه‌وای كورد و قاره‌مانی گه‌ل بارزانیی نه‌مره، كه له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له ڕووسیا بۆ خاكی نیشتمان له 6/10/1958 گه‌یشته به‌غدا، پاشان له‌گه‌ڵ سه‌ردانی شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان، سه‌ردانی سلێمانییشی كرد. شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی و یادگاریی میرنشینی بابان، ئه‌و شاره‌ی كه پێش پازده ساڵ به دوورخراوه‌یی و ده‌ستبه‌سه‌ری له حوجره‌كه‌ی نالی و مزگه‌وتی خانه‌قادا ده‌رسی مه‌لایه‌تیی تێدا خوێندبوو، له دیوه‌خان و كووچه و كۆڵانه‌كانیدا خه‌باتی سیاسیی ئه‌نجام دابوو، ناسیاری و یه‌كترناسینی له‌گه‌ڵ ڕۆڵه‌كانیدا كردبوو، ده‌یزانی ڕۆڵی ئه‌م شاره له خه‌باتی كوردایه‌تیدا چه‌ند گرنگه و چه‌ند پێویسته كه گرنگیی پێ بدرێ، بۆیه هه‌ر كه ئه‌ندامانی مه‌جلیسی شاره‌وانیی سلێمانی، دوای ڕۆژی 7/10/1958 چوون بۆ به‌غداد و به دیداری بارزانی شاد بوون و به‌خێرهاتنه‌وه‌یان كرد و كه‌وتنه گفتوگۆ و توێژینه‌وه، بارزانی پێیان ده‌ڵێ: "سوپاسگوزاری و سڵاوی گه‌رمم بۆ هه‌موو دانیشتوانی به‌ڕێزی شاری سلێمانیی خۆشه‌ویستمان به گه‌وره و بچووك و ژن و پیاویانه‌وه هه‌یه"، ئه‌مجا به ئه‌ندامانی وه‌فده‌كه‌ی ڕاگه‌یاند كه به‌م زووانه سه‌ردانی سلێمانی ده‌كا و زیاره‌تی ئارامگای شێخ (مه‌حموودی نه‌مر) و گۆڕی دوو شه‌هیده خۆبه‌ختكاره‌كان (مسته‌فا خۆشناو و محه‌مه‌د قودسی) ده‌كا و به‌سه‌ریان ده‌كاته‌وه، به‌مه‌ش بارزانی ئه‌وپه‌ڕی ڕێزی له نوێنه‌رانی سلێمانی نا و دڵخۆشی كردن، ئه‌وانیش نه‌یانده‌زانی به چ زمانێك سوپاسی بكه‌ن و پێخۆشبوونی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌م وه‌عده‌ی بارزانی ده‌رببڕن.
هه‌ر كه ڕۆژنامه‌ی (ژین)ی ژماره (1413)ی ڕۆژی 16/10/1958 ئه‌م هه‌واڵه‌ی له لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می خۆیدا بڵاو كرده‌وه، شار به ته‌واوی خروشا، سه‌ردانی بارزانی بوو به قسه‌ی سه‌رزاری هه‌موو دانیشتوان و باس هه‌ر باسی هاتنی بارزانی بوو بۆ سلێمانی. دانیشتوان به‌تامه‌زرۆییه‌وه چاوه‌ڕوانی ئه‌و ڕۆژه بوون، زۆر كه‌سیش له لادێكانه‌وه هاتبوو بۆ شار و چاوه‌ڕوانی ده‌كرد و نه‌یده‌ویست بێ بینینی بارزانی بگه‌ڕێته‌وه.
ڕۆژی پێنجشه‌ممه ڕێكه‌وتی 30/10/1958 ده‌مه‌وئێواره بارزانی گه‌یشته شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی، دانیشتوانی شار تێكڕا چووبوونه پێشوازی و زۆریان تا چه‌مچه‌ماڵ و ئه‌ولاتریش به‌ره‌و پیری چووبوون، قوتابییان له ده‌ره‌وه‌ی شار، له‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری شه‌قامی سه‌ره‌كی به ڕیز له پێشوازیدا وه‌ستابوون و سروودیان ده‌خوێندنه‌وه. كه گه‌یشته سلێمانیش له ماڵی (شێخ له‌تیف)ی كوڕی شێخ مه‌حموودی نه‌مر دابه‌زی و میوانداریی لێ كرا، ئه‌و شه‌وه هه‌تا دره‌نگ ده‌سته ده‌سته پیاوماقووڵ و ڕۆشنبیرانی شار بۆ به‌خێرهاتنی ده‌چوونه خزمه‌تی و وه‌فاداریی خۆیان بۆ دووباره و سێ باره ده‌كرده‌وه.
بۆ سبه‌ینێ ڕۆژی هه‌ینی ڕێكه‌وتی 31/10/1958 سه‌عات هه‌شتی به‌یانی، بارزانی له ماڵی (شێخ له‌تیف)ه‌وه به‌ناو جه‌ماوه‌ری تامهزرۆدا به‌ره‌و مزگه‌وتی گه‌وره كه‌وته ڕێ و چووه سه‌ر ئارامگای شێخی نه‌مر و فه‌رمووی: "ئه‌ی باوكی خۆشه‌ویستم! باوكی گیانی و مێژووییم، داخوازیم ئه‌وه‌یه له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی نه‌مرتان لانه‌ده‌م، تا دوا تنۆكی خوێنم، باوكی گه‌وره‌م! له‌سه‌ر په‌یمانه‌كه‌ی خۆم په‌یمانت ئه‌ده‌مێ كه ئاماده‌م بۆ به‌ربه‌ره‌كانیی ئیمپریالیزم و نۆكه‌ره‌كانی تا ده‌مرم تێده‌كۆشم بۆ ئازادی و شادیی گه‌لی عێراق".
پاشان به‌ره‌و گردی سه‌یوان كه‌وته ڕێ و دیده‌نیی ئارامگای (مسته‌فا خۆشناو و محه‌مه‌د قودسی) شه‌هیدانی ڕێگای ئازادی كرد و فه‌رمووی: (ئا به‌م جۆره ئیمپریالیزم و نۆكه‌ره‌كانی ئه‌یانویست ده‌نگی میلله‌تی ئازادیپهرست بمرێنن، به‌ڵام ئێوه زیندوون و نامرن، ئه‌ی قودسی و خۆشناو و خه‌یروڵا و عیززه‌ت! هاوڕێتان زۆره له‌م گۆڕستانه).
ئه‌مجا چووه سه‌ر گۆڕی حه‌سه‌نی تۆفیقه فه‌ندی، كه له كولیه‌ی (دار المعلمین)ی عالی به پله‌ی مومتاز ته‌خه‌روجی كردبوو، بووبوو به مامۆستایه‌كی به‌ناوبانگی سلێمانی و له‌سه‌ر نیشتمانپه‌رستی و هه‌ڵوێستی كوردانه‌ی فه‌سڵ كرابوو، چووبوو بۆ سووریا و بارزانیی نه‌مریش ناسیاویی له‌گه‌ڵدا هه‌بوو و زۆری خۆشویستبوو، له‌سه‌ر گۆڕی ئه‌میش باسی زیره‌كی و بلیمه‌تیی ئه‌م مامۆستایه‌ی بۆ جه‌ماوه‌ركه كرد!. هه‌روه‌ها دوو جار ئه‌م چوارینه‌ی عه‌بدولڕه‌حمان به‌گی بابان كه له‌سه‌ر كێلی مه‌زاری نووسرابوو خوێنده‌وه:
له‌لای ئه‌م میلله‌تی كورده ئه‌مه قانوون و ئایینه
له‌پێناوی وه‌ته‌ندا هه‌ر كه‌سێ بمرێ ئه‌وه ژینه
له كۆڕا بێته گوێم قه‌وم و وه‌ته‌ن ڕزگار و سه‌ربه‌سته
كفن ئه‌دڕم به خۆشی دێمه‌وه ئه‌م یانه شیرینه
دوای گردی سه‌یوان، گه‌ڕایه‌وه بۆ ناو شار و هاته به‌رده‌ركی سه‌را، خه‌ڵكێكی زۆر به‌تامه‌زرۆییه‌وه وه‌ستابوو تا بیبینێ، سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن مامۆستا (كامه‌ران موكری) به‌خێرهاتن كرا و جه‌ماوه‌ر خرۆشا، ئه‌مجا بارزانیی رووی كرده خه‌ڵكه‌كه و فه‌رمووی:
(برا و خوشكه شیرینه‌كانم…
ئێوه‌ی به‌ناوبانگ و كۆڵنه‌ده‌ر كه چه‌ند ساڵه تێ ئه‌كۆشن و خه‌بات ده‌كه‌ن و به‌ربه‌ره‌كانی ئیمپریالیزم و نۆكهرهكانیتان كردووه، زۆرم پێ خۆشه كه له‌ناو ئێوه‌ی خۆشه‌ویستدا وه‌ستاوم و چاوم لێتانه، خۆم به به‌ختیار ده‌زانم كه پاش یازده ساڵ دووری و ده‌ربه‌ده‌ریم له‌م خاكه پیرۆزه، به دیداری ئێوه شاد بوومه‌وه. من ئه‌مڕۆ میوانی ماڵی یه‌كێكم كه ڕێگای خه‌باتكردنی گرتبووه به‌ر و به‌ربه‌ره‌كانی ئیمپریالیزمی كرد، میوانی ماڵی شێخ مه‌حموودی نه‌مرم كه پێویسته هه‌موومان له‌سه‌ر ڕێ و شوێنی ئه‌و بڕۆین).
ئه‌مجا فه‌رمووی:
(پێویسته هه‌موومان یه‌ك بگرین و دووبه‌ره‌كی فڕێ ده‌ینه ئه‌ولاوه و بیروباوه‌ڕی خۆمان یه‌ك خه‌ین و پارێزگاری نیشتمان و جمهورییهتهكهمان بكه‌ین، ده‌بێ هه‌موومان (14)ی ته‌مموزمان له یاد نه‌چێ كه چۆن له‌و ڕۆژه پیرۆزه‌دا ئیمپریالیزم و نۆكه‌ره‌كانی سه‌رنگووم بوون و چرای ئازادی له‌ناوماندا هه‌ڵكرا، ئه‌بێ هه‌موومان ببین به به‌ره‌یه‌كی نیشتمانیی یه‌كگرتوو و فیداكاری جمهوریه‌ت بین، جمهوریه‌تی كورد و عه‌ره‌ب، ده‌بێ كارمان ته‌نیا به قسه نه‌بێت، به‌ڵكو به ڕاستی ڕێگه‌ی ئاشتی و برایه‌تی بگرین).
بارزانیی نه‌مر له هه‌موو وتار و كۆڕ و كۆبوونه‌وه و به‌یه‌ك گه‌یشتنیدا له‌گه‌ڵ دانیشتووان هه‌ر ئه‌وه‌ی دووباره ده‌كرده‌وه و ده‌یفه‌رموو:
(من قاره‌مان نیم، من خزمه‌تكاری میلله‌تم، من پێشه‌وا نیم من خزمه‌تكاری میلله‌تم.. پێویسته هه‌ر ناوی من نه‌برێ، به‌ڵكو ناوی ئه‌وانه‌ش ببرێ كه خۆیان به‌خت كرد له ڕێگای میلله‌ت و نیشتماندا و ئێستا له خاكدان، چونكه ئه‌وان له من زیاتر تێكۆشاون، له منیان زیاتر كردووه، ئه‌گه‌ر منیش وه‌كو ئه‌وان به شه‌ره‌فی خهباتكردنهوه بڕۆیشتمایه زیاتریش ناوم ببرایه قه‌یدی نه‌بوو! من مه‌لا مسته‌فام و بارزانیم و پێشمه‌رگه‌م و خزمه‌تكاری میلله‌تم، ئیتر پێم خۆش نییه ناوی زه‌ق و بهرراقی ترم بۆ بدۆزنه‌وه..).
شایانی باسه هه‌ر ئه‌و ڕۆژه، واته ڕۆژی هه‌ینی ڕێكه‌وتی 31/10/1958 سه‌عات (11)ی پێشنیوه‌ڕۆ، شارهواینی سلێمانی ئاهه‌نگێكی چای خواردنه‌وه‌ی به بۆنه‌ی هاتنی بارزانییه‌وه بۆ سلێمانی، پێكهێنا نزیكه‌ی سێ سه‌د كه‌س له پیاوماقوڵان و ڕۆشنبیرانی شار به ڕه‌سمی بانگ كرابوون، بێجگه له كۆمه‌ڵێكی تر كه به‌بێ بانگكردنیش ئاماده بوون، له پاش گه‌یشتنی بارزانی بۆ هۆڵی ئاهه‌نگ، سه‌رۆكی شاره‌وانی به‌ناوی خۆی و شاره‌وانی و دانیشتوانی شاره‌وه به‌خێرهاتنی كرد و سوپاسگوزاری شاری سلێمانیی عه‌رز كرد، ئه‌مجا بارزانی به‌سه‌رپێوه وتارێكی كورتی ئاراسته‌ی ئاماده‌بوان كرد و فه‌رمووی:
(…ئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا كردوومه بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌م بووه، من هیچم نه‌كردووه، چونكه هه‌رچی كردوومه ئه‌ركی سه‌رشانی خۆم بووه، به‌رامبه‌ر به میلله‌ته‌كه‌م بۆ میلله‌تی كوردمان كردووه.. ئه‌و هه‌وڵ و تێكۆشانه‌ی له‌گه‌ڵ هاوڕێكانمدا كه ئێستا له وڵاته ئیشتراكییهكانن ئه‌نجاممان داوه ئه‌ركێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی بووه".
دوای ئه‌وه‌ی بارزانیی میكرۆفۆنی به‌جێ هێشت و چووه شوێنی خۆی، مامۆستا (عه‌بدوڵڵا گۆران)ی شاعیر چه‌ند وته‌یه‌كی ئاراسته‌ی ئاماده‌بووان كرد، ئه‌مجا شاعیری گه‌وره عه‌بدولڕه‌حمان به‌گی نفووس، پابه‌ندی ڕێبازی بارزانی، چه‌ند پارچه شیعرێكی جوانی خوێنده‌وه، به‌م جۆره كۆتایی به ئاهه‌نگه‌كه هێنرا و له كاتی هاتنه ده‌ره‌وه‌دا دانیشتوان ده‌سته ده‌سته ده‌هاتن بۆ به‌خێرهاتن و وێنه‌گرتن. هه‌ر ئه‌و ڕۆژه دوا نیوه‌ڕۆیه‌كی دره‌نگ بارزانی سلێمانیی به‌جێ هێشت و گه‌ڕایه‌وه بۆ به‌غدا.
باسنيوز
