دۆلار بە ھەرزانتر لە بازاڕ دەدرێتە چەند توێژێکی جۆراوجۆر

 دۆلار بە ھەرزانتر لە بازاڕ دەدرێتە چەند توێژێکی جۆراوجۆر
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، تایبەت رایگەیاند، بانکی ناوەندیی عێراق بەو نرخەی کە دۆلار دەداتە بانکەکان، بە ھەمان شێوەش چەند توێژێکی جۆراوجۆر ئەو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

نەجیبە نەجیب گوتی: "ھەر ١٠٠ دۆلارێک بە ١٢٠ ھەزار دینار دەدرێتە بازرگانان و ئەو کەسانەی لە دەرەوە دەخوێنن، یان چارەسەریی نەخۆشی دەکەن، یانیش حەج دەکەن، بە مەرجێک بڕە پارەکە لە ٣ ھەزار دۆلار تا ١٠ ھەزار دۆلار زیاتر نەبێت".

پێدانی ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٢٠ ھەزار دینار بەو کەسانە لەکاتێکدایە لە بازاڕدا نرخی ھەر ١٠٠ دۆلارێک نزیکەی ١٣٠ ھەزار دینارە.

نەجیبە نەجیب ئەوەی خستە ڕوو، ئەو بابەتە ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، گوتیشی: "ڕاستە بانکی رافیدەین و ڕەشید ئەو کارە دەکەن و لە ھەرێمی کوردستان لقیان نییە، بەڵام بانکەکانی بازرگانیی عێراق، شیمال، بەغداد و بانکی ئیسلامی ھەمان ئەو کارە دەکەن و لە کوردستانیش لقیان ھەیە".

بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی دەست کەوتووە، بانکی ڕافیدەین ھەر دۆلارێک بە ھەزار و ٢٠٠ دینار دەداتە ئەو کەسانەی بۆ دەرەوە گەشت دەکەن، بەو مەرجەی پارەکە لە ٣ ھەزار دۆلار زیاتر نەبێت.

ئەو بانکە کە ١٧ لقی لە عێراقدا ھەیە، بۆ پێدانی دۆلار بەو نرخە، داوای بەڵگە دەکات، وەکو پاسەپۆرت و داوەتنامەی خوێندن و راپۆرتی چارەسەریی نەخۆشی.

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونی کردەوە، ھەوڵێکی زۆر ھەیە کە کاری ھەموو بانکە عێراقییەکان لە کوردستان ئاسایی بێتەوە، بۆ ئەوەی ھەر رێنماییەک لە بەغدا دەربچێت ھەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.

نەجیبە نەجیب دووپاتی کردەوە: "مانگانە لە عێراق ٢ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار تا ٣ ملیار دۆلار داواکاریی لەسەر کڕینی دۆلار ھەیە، بانکی ناوەندی توانای پڕکردنەوەی ئەم خواستەی نییە، ھەر بۆیە ١٠٠ دۆلار نرخەکەی زیاترە لە ١٣٠ ھەزار دینار، بانکی ناوەندی توانای ھەیە تا ٢ ملیار دۆلار بخاتە بازاڕ، بۆیە ئەگەر بانکی ناوەندی پشتیوانی بانکەکان نەکات، ئەوا دۆلار زۆر زیاتر گران دەبێت".

جەختیشی کردەوە، لە پێدانی دۆلار زیاتر بانکەکان سوودمەندن نەک ھاووڵاتییان.














باسنيوز
Top