340 ملیۆن دۆلار بۆ ھەولێر و ھەڵەبجە خەرج دەکرێت
عەبدولقادر محەمەد روونی کردەوە: "لەو قەرزەی بڕی ٣٤٠ ملیۆن دۆلار بۆ ھەردوو پارێزگای ھەولێر و ھەڵەبجە دەبێت، لە پارێزگای ھەولێر بۆ پڕۆژەی ئاوەڕۆ تەرخان دەکرێت و لە پارێزگای ھەڵەبجەش بۆ پڕۆژەی ئاوی ماڵان تەرخان دەکرێت”.
ئاماژەی بەوەش دا، کە لە رێگەی حکوومەتی عێراقەوە پارەکە بۆ ھەردوو پارێزگاکە دەنێردرێت و نابێت بۆ ھیچ بوارێکی تر خەرج بکرێت، پارەکە مینحە نییە بەڵکو قەرزە.
ئەو پەرلەمانتارە راشی گەیاند: "لەبەرئەوەی پەیوەندیی دارایی ھەرێم و ناوەند پەیوەندییەکی نەگونجاو و خراپە، ھەروەھا لێکتێگەیشتنی دارایی نییە لەنێوانیاندا، ئەو قەرزانەش پێویستی بە گرەنتیی دانەوە ھەیە، بۆیە حکوومەتی ناوەند نەیتوانیوە گرەنتیی دانەوەی قەرزەکان لە حکوومەتی ھەرێم وەربگرێت، لەبەرئەوە پشکی ھەرێمی کوردستان لەو قەرزانەی تری عێراقدا نابێت”.
بەپێی دەستووری عێراق و بڕیارەکان بێت، ھەر قەرزێک کە حکوومەتی عێراقی وەری دەگرێت، دەبێت پشکی ھەرێمی کوردستانیشی لێ بدرێت.
بەپێی زانیارییەکان، لە ١٠ ملیار دۆلار قەرزی جۆراوجۆر کە بڕیارە حکوومەتی عێراق وەری بگرێت، بڕیارە تەنیا ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بدرێت، ئەوەش نیگەرانیی حکوومەتی ھەرێمی لێ کەوتووەتەوە.
پێشووتر زاگرۆس فەتاح، بەڕێوەبەری گشتیی پلانی پرۆژەکانی بودجەی وەبەرھێنان لە وەزارەتی پلاندانانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، لە ھەموو ئەو قەرزانەی پێشوو کە عێراق وەری گرتوون ١٧% بە ھەرێمی کوردستان دراوە، گوتی: "لە قەرزەکان ١٧% دراوە بە ھەرێم، بەڵام ھیچ رێککەوتن و بڕیارێک نییە بەخشین و مینحە ١٧% بێت بۆ ھەرێم، بۆیە لە مینحەکان رێژەی کەمتر ھاتووە".
زاگرۆس فەتاح گوتیشی: "نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەمەریکییەکان و کۆرییەکان و یابانییەکان پرۆژەیان لە ھەرێمی کوردستان، لە رێگەی قەرز و بەخشین جێبەجێ کردووە".
ڕوونی کردەوە پارەی قەرزەکانی پێشوو ھەمووی بووە بە پرۆژەی جیا جیای خزمەتگوزاری.
باسنيوز
