پەرلەمانتارێک: مالیکی هەوڵەکانی بۆ ڕێگەگرتن لەناردنی پارە بۆ کوردستان چڕ کردووەتەوە

پەرلەمانتارێک: مالیکی هەوڵەکانی بۆ ڕێگەگرتن لەناردنی پارە بۆ کوردستان چڕ کردووەتەوە
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، جگە لەو بەشە پارەی بۆ پێشمەرگە نێردراوە، هیچ بڕەپارەیەک بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان نەهاتووە. هۆکارەکەشی بۆ هەوڵی گرووپەکەی مالیکی لە دژی هەرێمی کوردستان گەڕاندەوە.

حاکم سەرحان سلێڤانەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێژنەی دارایی، ڕاگەیاند: حکوومەتی عێراق جگە لەو 10 ملیار دینارەی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستانی ناردووە، هیچ پارەیەکی دیکەی نەناردووە و چاوەڕوانی کاروانی دووەمی ئەو پارانە دەکەین کە بڕیارە وەک هاوکاری بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستانی بنێرن”.

ئەوەشی دووپات کردەوە: "نازانین لە قۆناغی دووەمدا حکوومەتی عێراق بڕی چەند پارە ڕەوانەی کوردستان دەکات، بەڵام بەپێی ئەو ڕێککەوتنانەی کراوە، دەبێت ڕێژەیەکی دیکەی پارە بۆ کوردستان بنێرێت".

حاکم سەرحان لە لێدوانەکەیدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە گرووپێکی نزیک لە نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامی، زۆر بە توندی کەوتوونەتە دژایەتیکردنی کوردستان و هەوڵەکانیان بۆ ڕێگەگرتنی پارە بۆ کوردستان چڕ کردووەتەوە. دەشڵێت: “بەو هۆیەوە پرۆسەی ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان خاو بووەتەوە”.





باسنیوز
Top