روونکردنەوەیەک لە ئاسایشی سلێمانییەوە
ئاسایشی پارێزگای سلێمانی روونکردنەوەیەک لەبارەی مۆڵەتدان بە خۆپیشاندان لە شارەکە، بڵاو دەکاتەوە.
هەروەک لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، کە میدیاکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بڵاویان کردووەتەوە، زۆربەی ئەو گرووپ و رێکخراوانەی بە نیازن خۆپیشاندان بکەن، فەرمی نین و لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە تۆمار نەکراون.
ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بە شەڕی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش و بەرگریکردن لە خاک، نیشتیمان و کەرامەتی گەلی کوردستان و هێرشی چەکدارانی ئەو رێکخراوە بۆ کەرکووک کردووە و رایگەیاندووە، بەهۆی مەترسییەکانەوە، ئاسایشی سلێمانی مۆڵەتی خۆپیشاندانی بە هیچ گرووپ و رێکخراوێک نەداوە.
پێشتر چەند گرووپ و رێکخراوێک نیازی خۆیان بۆ خۆپیشاندان لە دژی سیستەمی پاشەکەوتکردن و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەر و مامۆستایان دەربڕی بوو.
پێشترا لە رۆژی 21ـی تشرینی یەکەمی 2016، ژمارەیەک چەکداری داعشبە چاوساغیی عەرەبە ئاوارەکانی کەرکووک، هەوڵیان دا شارەکە داگیر بکەن، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکان و گەنجانی کوردی کەرکووک توانییان شکست بە هێرشەکەی داعش بهێنن.
Payamner-
