پڕۆسەی خوێندن لەشاری سلێمانی ئاسایی دەبێتەوە
ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، بهمەبەستی ئاسایی کردنەوەی پڕۆسەی خوێندن و ھاوکاری کردنی مامۆستایانی ناڕازی سنووری پارێزگای سلێمانی، بەھاوکاری کەسانی سەرمایەدار و بازرگانانی شارەکە لەژێر درووشمی ( کەمپینی ھاوکاری بۆ وەگەڕخستنەوەی سیستەمی خوێندن لەشاری سلێمانی) کەمپینێکی کۆمەک و ھاوکاریان ڕاگەیاند.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا كه پهیامنێری (باسنیوز) ئامادهى بوو، ڕای گەیاند:" ئێمە وەکو ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ھەوڵەکانی خۆمان چڕکردوەتەوە، بۆ ئەوەی پڕۆسەی خوێندن لەشاری سلێمانی ئاسایی بێتەوە، ھەروەھا ئێمە ئەمڕۆ بڕیاری ئەوەمانداوە کەمپینی ھاوکاری سیستەمی پەروەردە ڕا بگەیەنین، خۆشبەختانە دوای گفتوگۆی نێوان ئێمە و کەسانی سەرمایەدارو بازرگانان، بەڵێنی ئەوەمان پێدراوه كه لە پێناو ئاسایی کردنەوەی پڕۆسەی خوێندن ھاوکاری بەردەوامی کەمپینەکە بکەن.
گوتیشی:"بەشێکی زۆری سەرمایەداران بەڵێنی ئەوەیانداوە، بە بڕەپارەیەکی زۆر ھاوکاری ئەم کەمپینە بکەن، ھەروەھا فاروق مەلا مستەفا، کە یەکێکه لە سەرمایەدارەکانی شاری سلێمانی، بڕیاریداوە بە ھەموو شێوەیەک ھاوکاری کەمپینەکە بکات، بۆئەوەی لەو ڕێگەیەوە پڕۆسەی خوێندن ئاسایی بێتەوە، بێگومان ئەمەش ههنگاوێكى باشە بۆ ئاسایی کردنەوەی پڕۆسەی خوێندن و شکاندنی بایکۆتی مامۆستایانی ناڕازی.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، لەوەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری (باسنیوز) لهبارهى ماوهى كهمپینهكهوه، گوتی:" کەمپینەکە ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت، ھەروەھا ئێمە گەشبینین بەوەی پڕۆسەی خوێندن ئاسایی بکرێتەوە، چونکە ئەم کەمپینە کەمپینێکی جیاوازە و ژمارەیەکی زۆر سەرمایەدار بەڵێنی ئەوەیانداوە ھاوکاری کەمپینەکە بکەن. ڕوونیشی کردەوە:" لەڕێگەی ئەو کەمپینەوە ھاوکاری مامۆستایانی ناوشارو دەرەوەی شار دەکرێت.
Bas News-
