لەناوخۆی گۆڕاندا بەھۆی پۆستی پارێزگاری سلێمانی کێشە دروست دەبێت
پاش شکستهێنانی هەوڵەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەلایەن هەڤاڵ ئەبوبەکرەوە، بزووتنەوەی گۆڕان بەوە ڕازی بوون کە ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریان بێت، سەردار قادر بە وەکالەت پۆستەکە بەڕێوە ببات، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت کۆبوونەتەوە.
هەر لەمبارەیەوە، هەڵسووڕاوێکی گۆڕان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەهۆی سەرنەگرتنی هەوڵەکانی دانانی هەڤاڵ ئەبوبەکر، دوو ئاراستەی ناکۆک لەنێو گۆڕان دروست بووە. گوتیشی: ”هەرچەندە بەشێک لە بزووتنەوەی گۆڕان دانانی سەردار قادر بەدەرچەیەکی باش دەزانن بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە لەلایەن گۆڕانەوە، بەڵام بەشێکیشیان پێیان باشە ھەڤاڵ ئەبوبەکر ئەو پۆستە وەربگرێت، چونکە زۆرترین دەنگی بەدەستھێناوە“.
هەر لەمبارەوە، ھەڤاڵ ئەبوبەکر، ڕایگەیاند: ”دەبێت بارودۆخە گشتییەکە چاک ببێتەوە، چارەنووسی ئێمە بەستراوەتەوە بە بارودۆخە گشتییەکەوە، بە پەرلەمانی کوردستان و حکوومەتەوە، چارەنووسی من بەشێکە لەو پاکێجانە، ئەو کێشانە چارەسەر بوون، ئەوە کێشەی ئێمەش چارەسەر دەبێت“.
لە لایەن خۆیەوە، زیاد کاکە ڕەزا، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕایگەیاند: ”بەھۆی ئەو پۆستەوە، کێشە لەناو گۆڕان و یەکێتی دروست دەبێت، لەناو گۆڕانیش بەھەمان شێوە، چونکە نایانەوێت مل بۆ ڕێکارە یاساییەکان شل بکەن و دەیانەوێت بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، خۆیان پارێزگای سلێمانی دیاری بکەن“.
باسنیوز
