کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتیی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان وەستاون

 کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتیی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان وەستاون
هەڵسووڕاوێکی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات، بۆ دەست پێ کردنەوەی کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی هاوبەش (سەرکردایەتیی هاوبەش)، گۆڕان چاوەڕوانی چاکبوونەوەی دۆخی ناوخۆی یەکێتییە کۆبوونەوەی کۆمیتەی هاوبەش.

کوێستان محەمەد، هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: “هەموو هەوڵێکمان دەخەینە کار بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی بکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، هیچ سارد بوونەوە و پەشیمان بوونەوەیەک نییە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی نێوان دووباڵەکەی یەکێتییەوە، هۆکارە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتیی هاوبەش وەک پێویست نەکرێت”. ئەوەشی ئاشکرا کرد: “ئێستا هەوڵێک هەیە بۆ لێک نزیکبوونەوەی دووباڵەکەی یەکێتی، هەر کاتێک نێوانی ئەو دوو باڵە چاک بوویەوە، ئەوکاتە سەرکردایەتیی هاوبەشی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، کۆبوونەوەی خۆیان دەکەن و هەوڵی جێبەجێکردنی خاڵەکانی کۆوونەوەکە دەدەن”.

لەبارەی شکاندنی خاڵێکی ڕێککەوتنەکە کە باسی ئاراستەکردنی هاوبەشی ڕاگەیاندنی هەردوولا دەکات، بەهۆی هێرشی ڕاگەیاندنی گۆڕان بۆ سەر مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگیڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، کوێستان محەمەد گوتی: "قسەکانی مەلا بەختیار بەشێوەیەک بوو کە دەبوو وەڵامی بدەینەوە و وەڵاممان دایەوە، هەڵمەتی ڕاگەیاندنی گۆڕانیش ڕاوەستاوە و ڕاستییەکانمان بۆ خەڵکی ئاشکرا کردووە".

پێشتر فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاندبوو: ”کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتیی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان، وەستانیان پێوە دیارە“.











باسنیوز
Top