پارێزگای هەولێر لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەڵمانیا گرێبەستێکی ئیمزاکرد

پارێزگای هەولێر لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەڵمانیا گرێبەستێکی ئیمزاکرد
پارێزگای هەولێر لەگەڵ هەریەکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەڵمانیا گرێبەستێکی ئیمزاکرد کە خۆی لە دوو پڕۆژەدا دەبینێتەوە.

ئەمڕۆ ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ و دوای ئیمزاکردنی گرێبەستەکە، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند، پڕۆژەی یەکەم پڕۆژەیەکی کارەبایی ١٣٢ کەیڤییە لە شارۆچکەی دیبەگە کە سودیشی بۆ کەمپی دیبەگە دەبێت.

هەروەها وتیشی، کارەباکە لەڕێگەی چوار فیدەرەوە دابەشدەکرێت بڕی تێچووی پڕۆژەکەش ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار دۆلارە.

ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەی دووەم پڕۆژەی ئاوە لە ڕەواندز کە تێچووەکەی سێ ملیۆن دۆلارە و لەڕێگەی پەمپەوە لە کاتژمێرێکدا ٦٠٠ مەتر سێجا ئاو دەگەیەنێت، پرۆژەکەش خۆی دەبینێتەوە لە دابینکردنی کارەبا و بۆری و حەوزی ئاو لە ڕەواندز.

هاوکات لە کۆنفرانسەکەدا هەریەکە لە جۆی کینی بەرپرسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێم بۆ کاروباری مرۆیی و لارسۆی چینەر بەرپرسی کاروباری مرۆیی لە کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر خۆشحاڵی خۆیان لەبارەی گرێبەستەکەوە دەربڕی.

هەروەها ڕاشیانگەیاند، کە لە داهاتوودا گرێبەستی تر لەبارەی جێبەجێکردنی پرۆژەی نوێیوە ئیمزادەکەن.
Top