پۆلیسی هەولێر ڕوونکردنەوە لەبارەی سەرۆک هۆزێکی عەرەبی مووسڵ دەدات
پۆلیسی ھەولێر ڕای دەگەیەنێت، ئەو سەرۆک هۆزەی لە مووسڵ پشتیوانی بۆ داعش دەربڕیوە، لە ژێر گوشاردا بووە و تا ئێستاش ھیچ کەسێک لەمبارەیەوە نە پەیوەندی پێوە کردوون، نە سکاڵاشی لە دژ بەرز کردووەتەوە.
عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”تیرۆرستانی داعش مەترسین بۆ سەر ژیانی ھەموو هاووڵاتییان، بە تایبەتیش ئەوانەی کە دەکەونە ژێر دەستیان، لەژێر گوشاریشدا ئەو سەرۆک عەشیرەتە بەیعەتی بە داعش داوە“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”ئێمە تاوەکوو ئێستا، ھیچ سکاڵایەکمان لە دژی ئەو سەرۆک هۆزە عەرەبە لەلا تۆمار نەکراوە و ھیچ کەسێکیش لەمبارەیەوە پەیوەندی بەئێمەوە نەکردووە، بۆیە پۆلیس ھیچ لێکۆڵینەوەیەکی لەمبارەیەوە نەکردووە“.
چەند رۆژێکە میدیاکانی نزیک لە یەکێتی و گۆڕان باس لە ھاتنی سەرۆک هۆزێکی دەشتی مووسڵ بۆ شاری ھەولێر دەکەن کە لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت، پێشتر پشتیوانی بۆ چەکدارانی داعش ڕاگەیاندووە.
Bas News-
