مەلا بەختیار بۆ گۆڕان: قەت ناتوانن بۆ پیلانەکەتان پەلکێشم بکەن

مەلا بەختیار بۆ گۆڕان: قەت ناتوانن بۆ پیلانەکەتان پەلکێشم بکەن


لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بە توندی وەڵامی میدیاکانی گۆڕان دەداتەوە و نووسەرانیان بە ”کاڵفام“ وەسف دەکات.



ئەمڕۆ یەکشەممە 30\10\2016، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە نووسینێکدا کە بە ناوی (کەی وایە نووسەرانی K.N.N) بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو نووسرەرانە زانیارییان لەبارەی چەند ڕووداوێکی کۆن، ”لە چەند فەرماندەیەکی دەروون ڕقاویی یەکێتی“ وەرگرتووە و دەڵێت: ”هەرگیز ئامادە نیم، پێڵاوی پێشمەرگایەتیی خۆم، لە زەلكاوی ئەو جۆرە وتارە بژەنم“. ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە لە ژمارەی سبەی ڕۆژنامەی (چاودێر)ی نزیک لە خۆیدا، بۆچوونی لەبارەی هەڵمەتەکەی میدیاکانی گۆڕان دەخاتە ڕوو کە ئەو بە ”زمانە ئاست نزم“ەکە وەسفی کردووە.



هەر لەو نووسینەدا، مەلا بەختیار ناوی چەند کەسێکی وەک شایەتحاڵ لە ڕووداوەکانی کۆندا هێناوە و هەوڵی داوە ئەستۆپاکیی خۆی لەو ڕووداوانە بسەلمێنێت. دەشڵێت: ”ئەوەی لای من سەیرە، وتار نووسەكانی گۆڕان، هەڕەشە دەكەن گوایە، ئەگەر دژیان قسە بكەم، زۆر شتی ترم لەسەر دەڵێن. لەوەڵامی ئەم قسانەدا دەڵێم، ئەم كەسانە دەیانەوێ‌، نێوان یەكێتی‌ و گۆڕان تێك بدەن. قەتیش ناتوانن پەلكێشم بكەن بۆ ئەو پیلانە. بەڵام خۆیان بێمنەت، بێمنەت، بێمنەت بن، هەرچی چەواشەكاری هەیە لەسەر من با بیڵێن“.



لە کۆتایی نووسینەکەشیدا، مەلا بەختیار جەختی لەوە کردووەتەوە: ”ڕۆژێك دێت، گوتنی ڕاستییەكان، زیانی بۆ دۆخی سیاسی‌ و باری دەروونیی خەڵك‌ و پەیوەندیی یەكێتی‌ و گۆڕان نەبێ‌، هەر هەمووی باس بكەین. ئەم كاڵفامانە دەبێ‌ بزانن.. خەرمانێك ڕاستی‌ و بیرەوەری‌ و بڕیاری تایبەتیمان لایە، هێشتا كاتی بڵاوكردنەوەیان نەهاتووە، چونكە بیرەوەری، ئەمانەتی مێژووییە، مێژوو، نەك قومارخانەی قومارچییەكان، ئەی كاڵفامەكان!!“.



ئەم وەڵامەی مەلا بەختیار دوای ئەوە هات کە شەوی ڕابردوو، میدیاکانی گۆڕان بە توندی، هێرشیان کردە سەر مەلا بەختیار و دەستەواژەی ”موراهیقی سیاسی“یان بۆی بەکار هێنا.
Bas News-
Top