کوردستان ئەنجوومەنی ئاسایش دانپێدانانی هێرشکارانی کەرکووکی بڵاوکردەوە
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکیان لەبارەی هێرشەکەی داعش بۆ سەر کەرکووک بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەدەن کە "تیرۆریستان دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە".
رۆژی یەکەشەممە 30-10-2016 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "هێرشە تیرۆریستییەکەی چەکداران و شانە نوستووەکانی داعش لە کەرکووک شکستیهێنا و تیرۆریستان دانیان بە پیلانەکانیاندا ناوە".
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکەن کە رێکخراوی داعش "نزیکەی 200 چەکداریان لە ناوچە جیاوازەکانی حەویجە گەیاندووەتە ناحیەی بەشیر و لەوێشەوە بەپێ تاوەکو نزیک گوندی عبادات هاتوون، دواتر بە دوو گەڵابە گواستراونەتەوە بۆ نزیک شەریکەی تارق لە باشووری شاری کەرکووک".
بەپێی راگەیێندراوەکە "شانە نوستووەکانی داعش بە چوار ئۆتۆمبێلی کیا بارهەڵگر و چەند ئۆتۆمبێلێکی دیکە لە چەند کاتێکی جیاوازی بەرەبەیانی 21-10-2016 بەشێوەی مەفرەزە چەکدارانیان گواستووەتەوە نێو شاری کەرکووک و دواتر تیرۆریستان پەلامار و هێرشی چەکداریان لە چەند گەڕەک و بارەگایەکی ئیداری و ئەمنی و سیاسی دەستپێکردووە، لەبەرامبەردا هاووڵاتیان و دەزگا ئەمنییەکانی کەرکووک وەڵامی هێرشە تیرۆریستییەکەیاندایەوە و شکستیانپێهێنا".
سەبارەی بە دەستگیرکردنی چەکدارانی داعش لە کەرکووک، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "دەزگاکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەهەمانکاتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان ئۆپەراسیۆنە هەواڵگری و مەیدانییەکانیان دەستپێکرد، تواندرا شانە نوستووەکانی هاوکار لەو هێرشەدا دەستگیربکرێن".
Rudaw-
