رێكخراوێكی ئەڵمانی لە هەوڵدایە پارەی هاتووچۆ بۆ مامۆستایان دابینبكات

رێكخراوێكی ئەڵمانی لە هەوڵدایە پارەی هاتووچۆ بۆ مامۆستایان دابینبكات

سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بۆ (رووداو)ی ئاشكراكرد، وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ رێکخراوی GIZ ی ئەڵمانی پرۆژەیەکیان هەیە بۆ ئەوەی رێکخراوەکە پارەی هاتووچۆ بۆ مامۆستایانی ناوشار و دەرەوەی شار دابینبكات، پارەكەش لەنێوان 30 بۆ 100 دۆلاردایە.

مامۆستایان لە سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان، دەیانەوێت لەڕێگەی کۆکردنەوەی هاوکاری لە سەرمایەدار و دەوڵەمەندەکان بایکۆت بشکێنن و دەست بە دەوام بکەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پرۆژەیەکیان ئامادەکردووە و له‌گه‌ڵ (گۆڕان، یه‌كێتی‌، یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ) تاوتوێیان كردووه‌.

ئەوەی بووەتە جێی مشتومڕ لە پرۆژەکەدا، پێشنیازێکە بۆ وەرگرتنی بڕێک پارە لەخوێندکاران، کە رەنگە لەنێوان 25 بۆ 35 هەزار دینار بێت، ئەوەش تاوەكو دۆخی‌ مامۆستایان باشبكرێت و ده‌وام ده‌ستپێبكرێته‌وە.

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تەلەڤزیۆنی رووداو گوتی "مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ئاگامان لەو پرۆژەیە نییە، کە لەسلێمانی ئامادەکراوە و پرسیش بە ئێمە نەکراوە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ رێکخراوی GIZ ی ئەڵمانی پرۆژەیەکیان هەیە کە رێکخراوەکە پارەی هاتووچۆ بۆ مامۆستایانی ناوشار و دەرەوەی شار دابیندەکات".

ئەحمەد گەرمیانی دەشڵێت "ئەو پرۆژەیە هەموو پارێزگاکان دەگرێتەوە، پارەكە لەنێوان 30 بۆ 100 دۆلاردایە".

لەبارەی پرۆژەی لقی سلێمانی یەكێتیی مامۆستایان بۆ چارەسەری بایكۆت، سەنگەر فایەق، جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتیی مامۆستایانی كوردستان دەڵێت "ئێمە وەک یەکێتی مامۆستایان رەشنووسی پرۆژەیەکمان ئامادەکردووە و ئەو پرۆژەیەش لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لە سنووری پاریزگای سلێمانی تاووتوێدەکەین، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لە پرۆژەکەی ئێمەدا وەرگرتنی پارە لە قوتابیان و خوێندکاران باسنەکراوە و ئاماژەمان بۆ نەکردووە".

سەنگەر فایەق دەشڵێت، بۆ چوونێک هەبووە بۆ ئەوەی کە کاتێک پرۆسەی خوێندن دەستپێدەکاتەوە بڕیک پارە لە خوێندکاران وەربگیرێت بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی خوێندگەکان دابینبکرێت، بەڵام ئەو پارەیە بۆ مامۆستایان نییە.
Rudaw-
Top