ئاسایشی هەولێر: هەر كەس لە سنووری داعشەوە بێتە كوردستان لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش - هەولێر روونكردنەوەیەكی سەبارەت بە راپۆرتێكی رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ ( هیومان رايتس وۆچ ) بڵاوکردەوە و رایگەیاند "هەركەسێك لە سنووری داعشەوە دێتە هەرێمی كوردستان دەبێت لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت و كەسیش دەستبەسەر ناكرێت، تەنیا ئەوانە نەبن كە دان بە داعشبوونی خۆیان دەنێن، یان خود ناویان لە لیستی تاوانبارانی داعشدا هەیە و كاریان بۆ كردووە".
ئاسایشی هەولێر ئاماژە بەوە دەكات، گرنگە ئاسایشی هەرێمی كوردستان پارێزراوبێت و هەموو رێكارێك دەگرنەبەر. وەك لە روونكردنەوەكەدا هاتووە"ئەوەی ئاسایش دەیكات لە ئیجرائاتی ئەمنی بەرامبەر بە ئاوارەكان، بەشێوەیەكی ئاسایی بەرێوەدەچێت و خودی ئاوارەكان رازین و هیچ لایەنێكیش تێبینی و رەخنەی خۆی دیارینەكردووە".
دەقی روونكردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش - هەولێرەوە
سەبارەت بە راپۆرتێكی رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ (Human Rights Watch) دەربارەی هەڵسوكەوتی دەزگاكانی ئاسایشی هەرێمی لەگەڵ هەندێك گومانلێكراوی نێو ئاوارەكانی هەڵاتووی بندەستی داعش، رادەگەیێنین كە هەركەسێك لە سنووری داعشەوە دێتە هەرێمی كوردستان دەبێت لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت و كەسیش دەستبەسەر ناكرێت تەنیا ئەوانە نەبن كە دان بە داعشبوونی خۆیان دەنێن یان خود ناویان لە لیستی تاوانبارانی داعشدا هەیە و كاریان بۆ كردووە.
ئاسایشی هەرێمی كوردستان بۆ ئێمە گرنگە و هەموو رێكارێكی یاسایی دەگرینەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە ئاوارەكانی ناو كەمپەكانیشەوە. رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤیش ئەگەر رێكارەكانی ئاسایشی بەدڵ نییە با بێن خۆیان كەمپێك بكەنەوە و بواری ئەمنی بخەنە ئەستووی خۆیان و یان بیانگوێزنەوە بۆ شوێنێكیتر كە خۆیان بە گونجاوی دەزانن.
ئەوەی ئاسایش دەیكات لە اجرائاتی ئەمنی بەرامبەر بە ئاوارەكان، بەشێوەیەكی ئاسایی بەرێوەدەچێت و خودی ئاوارەكان رازین و هیچ لایەنێكیش تێبینی و رەخنەی خۆی دیاری نەكردووە .
بۆیە پێمانوایە لەم هەڵوومەرجەدا، پێویستە ئاسایش لە سەرووی هەر بابەتێكی تر سەیربكرێت، ئەگەر نا دەبێت چاوەرێی رووداوی دڵتەزێن بین كە لە بەرژەوەندی كەسدا نییە .
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش - هەولێر
29- 10- 2016
RUDAW -
