لە خانەقین تەرمی هاووڵاتییەكی كورد دۆزرایەوە

 لە خانەقین تەرمی هاووڵاتییەكی كورد دۆزرایەوە
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 2016 -10 -30 تەرمی هاووڵاتییەكی كوردی تەمەن 47 ساڵ لە پاركێكی شاری خانەقین دۆزرایەوە كە بە گوللە كوژراوە.

عەمید ئازاد عیسا، بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقین، ڕایگەیاند "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 30/10/2016 تەرمی هاووڵاتییەكی كوردی تەمەن 47 ساڵ بەناوی حەقی ئیسماعیل فەتاح، لە یەكێك لە پاركەكانی شاری خانەقین دۆزراوەتەوە كە بە گوللە كوژراوە".

گوتیشی "هاووڵاتییە كوژراوەكە شەوانە پاسەوانی پاركەكە بووە و بەیانیی ئەمڕۆ كاتێك پاسەوانی ڕۆژ چووەتە شوێنی كارەكەی بە كوژراوی بینیویەتی ‌و هێزەكانی پۆلیسی لێ ئاگادار كردووەتەوە".

ڕونیشی كردەوە "بنەماڵەی هاووڵاتییە كوژراوەكە تا ئێستا سكاڵایان لەسەر كەس تۆمار نەكردووە و دەڵێن گومانمان لەسەر كەس نییە".

شاری خانەقین لە 155 كیلۆمەتریی باكووری خۆرهەڵاتی بەعقووبەیە، یەكێكە لە ناوچە جێ ناكۆكەكان لە نێوان حكوومەتی هەرێمی کوردستان و حكوومەتی عێراق، دوای پرۆسەی ناسراو بە "ئازادیی عێراق" زۆرینەی دامودەزگاكانی لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوە دەبرێت.

ئەنجومەنی قەزای خانەقین لە دانیشتنی ژمارە 131ی خۆیدا لە ڕۆژی 21/8/2006 بە كۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنەكە لە كورد، عەرەب‌و توركمان بڕیاریان دا خانەقین بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان





باسنیوز
Top