پەرلەمانتارێک: مالیکی لیستێکی داناوە بۆ لێدان لە پۆستەکانی کورد لە بەغدا

 پەرلەمانتارێک: مالیکی لیستێکی داناوە بۆ لێدان لە پۆستەکانی کورد لە بەغدا
پەرلەمانتارێک هۆکاری هێرشی نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکرادەکات و دەڵێت: "ئێمە دەزانین مالیکی بۆ چی وادەکات".

د.عەرەفات کەرەم، پەرلەمانتاری پارتیی دیموکراتیی کوردستان، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوە، باش لەوە گەیشتووە کە نابێتەوە بەسەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆیە دەیەوێت کاریگەری لەسەر هێزی حەشدی شەعبی هەبێت بۆ ئەوەی بە ئاسانی وەک کارتێکی سیاسی بەکاری بهێنێت، گوتی: "مالیکی زۆری پێی ناخۆشە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ سوپای عێراق پێشرەوی دەکات، چونکە ئەو نیگەرانە بە ئازادکردنەوەی شارەکە کە لەسەر دەستی ئەو کەوتووە".

گوتیشی: "هۆکاری هێرشی نووری مالیکی، هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بارزانی ئاشکرابووە، ئەویش ئەوەیە کە بارزانی رێگای نەدا جارێکی دیکە ببێتەوە بەسەرۆک وەزیران، دواتر سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق ترساندوویەتی بەوەی شارێک لەسەر دەستی ئەو کەوت ئێستا پێشمەرگە و سوپای عێراق ئازادی بکاتەوە".
ئەوەشی خستەروو: زانیاری هەیە کە مالیکی لیستێکی داناوە بۆ لێدان لە پۆستەکانی کورد لە بەغدا.



باسنیوز
Top