پەرلەمانتارێک: هێرشی گۆڕان بۆ سەر یەکێتی دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات
موحسین عەلی ئەکبەر قاسم، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی یەکێتی و کادیری ئەو حزبە رایگەیاند، لابردنی زمانی زبر و رەق لە راگەیاندن، سوودی بۆ هەردوولا دەبێت.
موحسین عەلی ئەکبەر ئاماژەی بە رێککەوتنی نیوان یەکێتی و گۆڕان کرد و رایگەیاند، ”ناکرێ دۆخەکە بەھۆی راگەیاندنەوە ئاڵۆز بکرێت“ و پێشیوایە نابێ حزبەکەی رێگا بدا راگەیاندنی گۆڕان لە هێرشەکەی بەردەوام بێت.
پێشتر لە دیداری مێری، مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئۆباڵی ناکۆکییە سیاسییەکانی کوردستان و پەککەوتنی پەرلەمانی کوردستانی خستە ئەستۆی یوسف محەمەدی هەڵسوڕاوی گۆڕان.
دوای ئەم گوتانە، میدیا گۆڕان و سەرکردەکانی زۆر بە توندی هێرشیان کردە سەر مەلا بەختیار و بە فەرمیش لە ماڵپەڕی فەرمیی میدیای گۆڕان هەڕەشەی ”بێدەنگ کردن“ی لێکرا.
رۆژی سێشەممە 17ـی ئایاری 2016، بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی گۆڕان رێککەوتننامەی هاوبەشیان لەنێوان حزبەکانیان واژۆ کرد.
باسنیوز
