پێشمەرگە نیوەی ناوچەکانی دەشتی نەینەوا رزگار دەکاتەوە
غەزوان داودی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەو راگەیاند: ناوچەکانی بەرتللە، تلسقۆف، حەمدانییە و باشیک رزگار کراونەتەوە و بە رزگارکردنەوەی شارۆچکەی تلکێفیش، رێگا بەرەو رزگارکردنەوەی مووسڵ دەبێتەوە.
غەزوان داودی ئاماژەی بەوە کردووە، کە پێش ئۆپەراسیۆنیی رزگارکردنەوەی مووسڵ، هێزەکانی پێشمەرگە 13 یەکەی ئیداریی پارێزگای نەینەوای رزگار کردبووەوە و دوای ئۆپەراسیۆنەکەش، پێشمەرگە و سوپای عێراقی زیاتر لە %55ـی خاکی دەشتی نەینەوایان رزگار کردووەتەوە.
رۆژی یەکشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان (پێشمەرگە لە رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵات و هێزە عێراقییەکانیش لە باکوور و باشوور) بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.
باسنيوز
