وەزارەتی پێشمەرگە هۆکاری ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ ئاشکرا دەکات
لەبارەی ڕاگرتنی پێشڕەوییەکانی سوپای عێراق بۆ ئازادکردنەوەی مووسڵ، ھەڵگورد حیکمەت، بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ھۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، ڕاگەیاند: ”دوای ھەر ھێرشێکی ئۆپەراسیۆنی، ھێزی ھێرشبەر ھەمیشە دووبارە پێداچوونەوە دەکات و خۆی ڕێک دەخاتەوە، ئەو شوێنانەی گرتوویەتی، سەنگەربەندی تێدا دەکات، سەنگەری تازە لێ دەدات، دواتر پلانی ھێرش دادەنێتەوە“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە دۆخی ئێستای سوپای عێراق لە دەوروبەری مووسڵ، دووبارە خۆڕێکخستنەوەیە. گوتیشی: ”خەڵکی پێیان وایە کە ئازادکردنەوەی مووسڵ بە ھەفتەیەک یان ڕۆژێک و دوو ڕۆژ کۆتایی دێت، لە ڕاستدا وانییە، بەڵکو پرۆسەیەکی دوور و درێژە و پلانێکی درێژ مەودایە و دەبێت بە قۆناغبەندی ئەنجام بدرێت".
پێشتر هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، وەستاندنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵی بۆ ماوەیەکی نادیار ڕاگەیاندبوو.
باسنيوز
