عەلی عەونی: ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان خەریکە شەڕ لەناو ماڵەکەی خۆی سەری دەخوات، نازانێت چۆن خۆی لە گێژاوی شەڕەکە دوور بخاتەوە
عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕاگەیاند: شەوی ڕابردوو، ڕاگەیاندنی نەوشیروان مستەفا هێرشێکی نا لۆژیک و شەڕئامێزی بەرانبەر بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتیی کوردستان کرد، لە کاتێکدا ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان خەریکە شەڕ لەناو ماڵەکەی خۆی سەری دەخوات، نازانێت چۆن خۆی لە گێژاوی شەڕەکە دوور بخاتەوە، دێت و دەیەوێت ئاگر بخاتە ناو ماڵی پارتییەوە”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە قسەکانی مەلا بەختیار، گۆڕانی “تەنگەتاو کردووە” و نازانێت “چۆن خۆی لە ڕاستییەکان بدزێتەوە”. بۆیە دەڵێت: “گۆڕان ئێستا دێت لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە، خەڵک چەواشە دەکات، هاوکات گۆڕان هیچی لە هەگبەی سیاسیدا نەماوە، بۆیە پەنا دەباتە بەر شەڕەجنێو، هێرشکردن بۆ ئەم و ئەو لە کاتێکدا لەسەرەتای دروست بوونی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، ئەمە فەرهەنگیان بووە".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی جەختی لەوە کردەوە: “سەرجەم ئەو هێرشانەی لە لایەن ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕانەوە ئەنجام دەدرێت، بە فەرمانی نەوشیروان مستەفا بووە و بە ئاگاداریی ئەو، هێرشەکان دەکرێن”. گوتیشی: “پارتی خۆی ناهێنێتە ئەو ئاستەی بزووتنەوەی گۆڕان، چونکە ئەوان کۆڵەواری دەست و پاڵەوانی دەمن”.
باسنيوز
