"نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت"

پارێزگای هەولێر و قایمقامییەتی قەزای ناوەندیی هەولێر هاووڵاتیانی هەولێر لە وەرگرتنی بەرمیلێك نەوتی سپی و بە هەمان نرخی ساڵان دڵنیا دەكەنەوە.

نەبەرد عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر ڕاگەیاند "ئەو هەوڵانەی دراون بۆ دابینەكردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیانی كوردستان بەگشتی سەركەوتوو بوون و ئێستاش دابەشكردنی نەوت لە ناوچە سنوورییەكان بەردەوامە و نزیكەی 30 ڕۆژە دابەش دەكرێت."

قایمقامی هەولێر گوتیشی: "بڕی نەوتەكە وەك ساڵان 200 لیترە بۆ هەر ماڵێك و نرخەكەشی 40 هەزار دینارە، ئەو پرۆسەیەی دابەشكردنیش بەردەوام دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی بڕی نەوتی هاتوو لە حكوومەتی عیراقەوە بە كەمی دەگات، پرۆسەی دابەشكردن بە هێواشی بەڕێوە دەچێت."

هاوکات هەمزە حامد، بەرێوەبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر گوت: "پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر ئاوارەكاندا لە كەمپەكان بەردەوامە و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عیراقی ئەو پرۆسەیە بەڕێوە دەبەن، هاووڵاتیانی هەڕێمی كوردستانیش بە دڵنیاییەوە ئەو نەوتە وەردەگرن كە ساڵانی پێشتر وەریان گرتووە، و لە ناوچە سنوورییەكان و بەتایبەتی لە قەزای چۆمان و حاجی ئۆمەران و گوندەكانی ئەو دەڤەرانە نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش كراوە."

پێشتر نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاندبوو كە پارێزگای هەولێر پێویستی بە 100 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە تاكوو بتوانین بۆ هەر ماڵێك 200 لیتر دابین بكەین.




باسنيوز
Top